رووداو - رادیۆ
دانیشتووانی کۆمەڵگەی مەلائۆمەر لە سنووری ناحیەی کەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر، دەڵێن خاوەن موەلیدەکەیان پابەندی بڕیارەکانی پارێزگا نابێت و لەبری کاژێری کارکردن، مانگانە بە بڕە پارەیەکی نەگۆڕ و گران پارەیان لێوەردەگرێت؛ سەرۆکی لیژنەی موەلیدەکانی کەسنەزانیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات سکاڵا تۆمار بکەن.
دانیشتووانی گۆمەڵگەی مەلائۆمەر بە رادیۆی رووداویان راگەیاند، خاوەن موەلیدەی گەڕەکەکەیان کار بە رێنماییەکانی پارێزگای هەولێر ناکات و بۆ مانگی رابردوو، سەرەڕای ئەوەی کەمترین کاریکردووە، 60 هەزار دیناری لێسەندوون؛ ئێستاش دیسان داوای پارەی کردووە و بە هاووڵاتییانی گوتووە: "من بە مانگانە پارە وەردەگرم و کارم بە بڕیاری کاژێرەکانی پارێزگا نییە."
لەبارەی ئەم کێشەیەوە، فەرهاد ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی کەسنەزان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دوای گەیشتنی ئەم گازندانە، لە رێگەی بنکەی پۆلیسی مەلائۆمەرەوە دەستمان بە بەدواداچوون بۆ کێشەکە کردووە تاوەکو راستیی بابەتەکە دەربکەوێت."
سەبارەت بە شێوازی کارکردن و دیاریکردنی نرخ، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان روونیکردەوە: "پارێزگای هەولێر خشتەی کارکردنی بەپێی کاژێر دیاریکردووە، بەڵام هەندێک جار بەهۆی گرانبوونی نرخی گازوایلەوە خاوەن موەلیدەکان دەکەونە ژێر گوشاری تێچووی زۆر؛ لە هەندێک ناوچەش لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان خاوەن موەلیدە و دانیشتووان کار دەکرێت."
فەرهاد ئەحمەد داوای لە دانیشتووانی مەلا ئۆمەر کرد کە لە کاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەکدا، بە بەڵگەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی کەسنەزان بکەن و سکاڵا پێشکەش بکەن، جەختیشی کردەوە کە "سکاڵاکان رەوانەی داواکاری گشتی دەکرێن و رێکاری یاسایی لە بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر."



