رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە رووداوێکی تەقەکردندا دوو کەس کوژران و تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکی کرا.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە دادپزیشکیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 12:05ـی نیوەڕۆ تەرمی دوو پیاو گەیێندرانە پەیمانگەی دادپزیشکی کە شوێنەواری دەستڕێژی گوللـە بە جەستەیانەوە دیار بوو."
بەپێی زانیارییەکانی دادپزیشکی، هەردوو قوربانییەکە تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵەوەیە و دانیشتووی شاری هەولێرن. هەروەها سەرچاوەکەی دادپزیشکی روونیکردەوە کە "ئەو دوو کەسە لە یەک بەرەی شەڕەکە بوون نەک دژی یەکدی و سەرجەم رێکارە پزیشکی و توێکارییەکان بۆ تەرمەکانیان کراون."
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە؛ دەستبەجێ دوای رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.



