رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "هۆشداریی گرنگ" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەباران دەبارێت و برووسکەی لەگەڵ دەبێت و مەترسیی لافاو دەکرێت.
راگەیێندراوەکە پێنجشەممە 05-11-2026 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "لە ئەنجامی کاریگەریی هەردوو نزمەپەستانی دەریای سپیی نێوەڕاست و دەریای سوور، ئاسمانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر دەبێت و شەپۆلێکی تاوەباران و برووسکە ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەگرێتەوە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "چالاکبوون و بەهێزبوونی باران لە ئێوارەی هەینی 06-11-2026 دەستپێدەکات تاوەکو رۆژی یەکشەممە 08-11-2026 بەردەوام دەبێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسی، لە هەینی بۆ یەکشەممە "ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە و پێشبینی دەکرێت هەورەبرووسکە هەبێت بەتایبەت لە ناوچە دەشتاییەکان".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بارانەکە سەرتاسەری دەبێت؛ جگە لە هەرێمی کوردستان لە تەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکانیش بارانی باش دەبارێ".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، لە 80 بۆ 100%ی ناوچەکان لەم شەپۆلەدا پەڵە بدات و دەڵێت: "بڕی بارانەکە نادیارە، چونکە بەخوڕ و لێزمەیە و ئەگەری لافاویش لە ناوچە نزمەکان هەیە لەنێوان هەینی بۆ یەکشەممە".
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ شەپۆلی بارانباریندا هەورەبرووسکە دەبێت و داوای لە هاونیشتمانیان کرد، رێکارەکانی خۆپارێزی لە برووسکە بگرنەبەر.
رێنماییەکانی خۆپارێزی لە هەورەبرووسکە:
- دەستبەجێ مۆبایلەکەت دابخە.
- ئەگەر لەژێر یان لە نزیک دارێکی بەرز بوویت، خێرا لێی دوور بکەوە.
- لە نزیک ستوونەکانی کارەبا و تەلەفۆن و تاوەرەکانی پەیوەندی و گەیاندن دوور بکەوە.
- لە شوێنی بەرز مەوەستە.
- ئەگەر لە ناوچەیەکی کشتوکاڵی بوویت، تاوەکو دەکرێت دوور بکەوە لەو شوێنانەی کە داری بەرزی لێیە.
- تاوەکو دەکرێت مەچنە شوێنە کراوەکان، ئەگەر بە ناچاری لە شوێنێکی وا بوویت، دەستبەجێ لەسەر زەوی دابنیشە و نەڕۆیت تا گێژەڵووکەکە کۆتایی دێت.
- لە کەلوپەل و ئامێری ئاسنینی پەرژینەکان و هەر جۆرە بارستە کانزایەکی کەڵەکەبوو، دوور بکەوە.
- لە کەناراوەکانی وەک رووبار، دەریاچەکان، چەم و ناوچە شێدارەکان دوور بکەوە.
- بەکارنەهێنانی ئامێرە کارەباییەکان لە دەرەوەی ماڵ لە کاتی نزیکبوونەوەی گێژەڵووکەی برووسکە.
- خێرا ئەنتێنی (ئاریەلی) ئۆتۆمبێلەکەت دابەزێنە.
- ئەگەر لە نێو ئۆتۆمبێل بوویت دامەبەزە، چونکە ئۆتۆمبێلەکەت جۆرێک لە پارێزگاریت پێ دەبەخشێت.


