رووداو دیجیتاڵ
بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانە کەمدەرامەتەکان، دەزگای روانگە جلوبەرگ و پێداویستیی خوێندنی بۆ 220 قوتابیی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابین کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی جلوبەرگەکاندا، ژیلوان عادل شوکر، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەمانویست بڕیاری یەکپۆشیی جلوبەرگی قوتابخانە ببێتە بارگرانی بۆ سەر خێزانی قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە زۆربەیان دۆخی داراییان باش نییە؛ بۆیە پەیوەندیمان بە دەزگای روانگەوە کرد و ئەوانیش دەستبەجێ جلوبەرگ و پێداویستیی تەواویان بۆ 220 قوتابی دابین کرد."
ئەو قوتابیانەی لەم پرۆژەیەدا هاوکاری کراون، لە چوار پەیمانگەی تایبەت بە چاودێریی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی دەخوێنن، کە بریتین لە، پەیمانگەی هیوا بۆ نابیستان، پەیمانگەی رووناکی بۆ نابینایان، پەیمانگەی ئاوات بۆ پەروەردەی مێشک و پەیمانگەی هانا بۆ راهێنان و شیاندن.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی قەیرانی داراییەوە پەیمانگەکانیان رووبەڕووی کەمیی پێداویستی بوونەتەوە و لە رێگەی رێکخراوەکان، خێرخوازان و سەرمایەدارانەوە هەوڵی پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان دەدەن.
مەریوان شەریف، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەزگای روانگە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی، پڕۆژەکەمان جێبەجێ کرد؛ وەک دەزگای روانگە تاوەکو لە تواناماندا بێت بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی ئەم توێژە و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردەیان."


