رووداو دیجیتاڵ بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بە دەسەڵاتی تەواوەتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکرێت و هۆشداریی تووندیش دەداتە کەشتییە بیانییەکان. لە راگەیێندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە، باسی ئەوە دەکات کە هەموو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان تەنیا پابەندن بەو رێڕۆیانەی کە دیاری کراون و دەبێت مۆڵەتی فەرمی لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران وەربگرن. بارەگای خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر جۆرە سەرپێچییەک لەم یاسایانە، ئاسایشی هاتووچۆی ئەو کەشتییانە رووبەڕووی مەترسیی جیدی دەکاتەوە. هاوکات ئێران هۆشدارییەکی تووندی دایە کەشتییە سەربازییەکان و رایگەیاند: "هەر جۆرە هەوڵێکی کەشتییە سەربازییەکان بۆ دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز یان دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم هاتووچۆی دەریایی، راستەوخۆ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج." پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی هەینی، 29ی ئایاری 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 24 کەشتی کە پێکهاتبوون لە کەشتیی گواستنەوەی نەوت، گواستنەوەی بار و بازرگانی، دوای وەرگرتنی مۆڵەت و بە هاوئاهەنگی سوپای پاسداران و دوای دابینکردنی ئاسایش لەلایەن هێزی دەریایی سوپاکەوە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون. بەپێی راگەیێندراوەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە رۆژی شەممەوە 188 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون. دوای داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە لە 1-3-2026 تاران دامەزراوەیەکی بەناوی (بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز) دامەزراند. بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەو دامەزراوەیە، هەر کەشتییەک بیەوێ بەو رێڕەوەدا تێپەڕێ، دەبێت پێشوەختە مۆڵەت وەربگرێ و هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای پاسداران بکات.