رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سیستەمەکانی
بەرگریی ئاسمانییان دوو مووشەکیان خستووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە هاوێژرابوون؛
ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
رایگەیاندبوو شەڕی نێوان هەردوولا کۆتایی دێت.
سوپای ئیسرائیل لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بڵاویکردەوە:
"دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کاژێر 01:35ـی بەرەبەیان لە چەند
ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی دوو مووشەکی خستە خوارەوە کە لە
لوبنانەوە خاکی ئیسرائیلیان بەزاندبوو."
هەروەها سوپاکە ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئامانجێکی ئاسمانیی
گوماناوی"ـیان بینیوە کە دواتر لە خاکی ئیسرائیل و لە نزیک سنووری لوبنان
کەوتووەتە خوارەوە. روونیشیکردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ رایگەیاندبوو، توانیویەتی
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا رازی بکات کە گرژییەکان کەم بکەنەوە.
شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 2ـی ئادار لوبنانیشی گرتەوە، کاتێک
حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی رێبەری باڵای ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە،
چەندین مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بڕیاریش بوو لە 17ـی نیسانەوە ئاگربەستێک
شەڕەکە رابگرێت، بەڵام بەردەوام لەلایەن هەردوولاوە پێشێل کراوە.
ترەمپ دوای ئەوەی گوتی کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "زۆر
بەرهەمدار"ـی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبووە، لە
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵەوە رایگەیاند: "هیچ هێزێکی سەربازی ناچێتە
بەیرووت و ئەو هێزانەشی لە رێگە بوون، گەڕێندراونەتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "بە هەمان شێوە، لەرێگەی
نوێنەرانی باڵاوە، پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ حیزبوڵڵا هەبوو، ئەوان رازی بوون
کە هەموو تەقەکردنێک بوەستێت. ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەریان، ئەوانیش هێرش ناکەنە
سەر ئیسرائیل."
بەڵام دواتر نەتەنیاهوو رایگەیاند کە بە ترەمپی گوتووە:
"ئەگەر حیزبوڵڵا واز لە هێرشکردنە سەر شارۆچکە و هاووڵاتییانمان نەهێنێت،
ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئامانجە تیرۆریستییەکان لە بەیرووت."
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ جەختی لەسەر
هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە کردەوە و لە پۆستێکی دیکەدا نووسی کە
"هیوادارە" ئیسرائیل و حیزبوڵڵا "بۆ تاهەتایە" شەڕ رابگرن.



