رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئێم سی ئێس (MSC)ی سویسری رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکانیان لەناو ئاوەکانی عێراق کراوەتە ئامانج؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتەئەستۆ و وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەمریکا وەسفی کرد.
رۆژی سێشەممە 2-6-2026 کۆمپانیای (MSC) کە بنکە سەرەکییەکەی لە سویسرایە، رایگەیاند: "کەشتیی ئێم سی ئێسی ساریسکا ڤی (MSC Sariska V) لە کاتی بەجێهێشتنی بەندەری ئوم قەسر لە باشووری عێراق، کراوەتە ئامانج ."
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، دووجار هێرشکراوەتە سەر کەشتییەکە؛ هێرشی یەکەم لەو کاتەدا بووە کەشتییەکە لە بەندەر چووەتە دەرەوە، هێرشی دووەمیش شوێنی مانەوەی تیمی کەشتیوانی پێکاوە، کۆمپانیاکە دڵنیایی داوە "سەرجەم ئەندامانی کەشتییەکە سەلامەتن" و تەنیا زیانی ماددی بەر کەشتییەکە کەوتووە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزە دەریاییەکانیان بە مووشەکی "کرووز" کەشتییەکیان پێکاوە، وەکو کەشتی ئیسرائیل ئەمریکا وەسفی کردووە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشە تۆڵەسەندنەوە بووە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەمریکا کردوویەتیە سەر کەشتیی "لیۆن ستار"ـی ئێرانی لە دەریای عومان.
کۆمپانیای ئێم سی ئێس، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەم کارە هیچ پاساوێکی نییە، ئێمە کۆمپانیایەکی گواستنەوەی بازرگانیی بێلایەنین و هیچ پەیوەندییەکمان بە ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە نییە."
لە هەمان کاتدا دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراق رایگەیاندووە، کەشتییەکە ئاڵای پەنەمای لەسەر بووە، بە مووشەک پێکراوە و زیانی بەرکەوتووە، بەگوێرەی ماڵپەڕی ماریین ترافیک (Marine Traffic) بۆ چاودێریی کەشتییەکان، کەشتییەکە لە بەندەری ئوم قەسرەوە بەرەو بەندەری "حەمەد" لە قەتەر رۆیشتووە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتای مانگی شوبات، ئابووریی عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەندەرەکانی باشووری وڵاتەکە بوونەتە تاکە دەروازەی دەریایی بۆ هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییەکان.



