رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ئاگربەستە 60 رۆژییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گەیشتە ناسکترین دۆخی کاتێک ئەمریکا بە مووشەک هێرشی کردە سەر دوورگەی قیشم و لە بەرامبەریشدا سوپای پاسداران بنکەکانی ئەمریکای لە کوێت و بەحرێن کردە ئامانج.
سەرەتای کێشەکە ئەوە بوو، سوپای ئەمریکا مووشەکێکی Hellfireی بۆ لێدان لە تانکەرێکی نەوتهەڵگری بۆتسوانا بەکارهێنا کە بەرەو بەندەرێکی ئێران لە دوورگەی خارگ دەڕۆیشت. بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا - سێنتکۆم، کەشتییەکە پابەندی گەمارۆکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران نەبوو.
لە وەڵامدا، ئێران رایگەیاند، مووشەکی ئاراستەی کەشتییەکی دیکە کردووە کە ئاڵای لیبێریای هەڵگرتووە.
بەڵام شەڕە گەورەکە دوای ئەوە هات، ئەمریکا وێستگەیەکی کۆنترۆڵی زەمینیی سەربازیی ئێرانی لە دوورگەی قشم کە دەکەوێتە نزیک گەرووی هورمز، کردە ئامانج، ئەوەش وایکرد ئێران مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کوێت و بەحرێن بکات.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "بنکەیەکی ئاسمانی و هێلیکۆپتەری ئەمریکی" لە ناوچەکە و هەروەها بارەگای فیرقەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکای لە بەحرێن کردووەتە ئامانج. ئەمریکاش دەڵێت: "هەموو هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا شکستیان هێناوە." ئاماژەی بەوەشکردووە، مووشەک و درۆنەکانی یان تێکشکێنراون یان "نەگەیشتوونەتە" ئامانجەکانیان.
هێرشەکان کاتێک کراون، تیمی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن. میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەداوە، گفتوگۆکان لەنێوان تاران و واشنتن بەردەوامن. هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ABC Newsی گوت، پێی وایە دەتوانن لە هەفتەی داهاتوو بگەنە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران.
ئاگربەستی ئەو سێ وڵاتە ئێستا لەسەر بناخەیەکی ناجێگیر ماوەتەوە، ئێران لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانی راگرت و هەڕەشەی پەرەسەندنی دۆخەکەی کرد ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوام بن. دۆناڵد ترەمپیش گوشاری خستووەتە سەر ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە گفتوگۆکان چڕتر بکرێنەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە رووداوی لەم شێوەیە رووبدات، ئەمریکا و ئێران بە بەردەوامی لە کاتی ئاگربەستەکەدا هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی، ئێران پێشتر وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانج کە میوانداری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن، لەوانە: کوێت، بەحرێن و ئیمارات. ئەمریکاش هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز، هەروەها ئەو کەشتییانەی پەیوەندیدارن بە ئێرانەوە وەک بەشێک لە گەمارۆکەی.


