رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
کۆمپانیای (مودیران خودرۆ) کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە نرخی هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێلەکانی بەرزکردووەتەوە.
بە گوێرەی ئەو نرخە نوێیانەی لە لایەن کۆمپانیاکەوە راگەیێندراون، نرخی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی 85٪ زیادکراون، تەنانەت نرخی هەندێک لە مۆدیلەکانی زیاتر لە دوو هێندە زیادکراون، ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە ئێران داناوە و نرخی ئۆتۆمبێلی لەو وڵاتە بەرز کردوەتەوە.
دوای راگەیاندنی نرخە نوێیەکان، نرخی ئۆتۆمبێلی ( ئێم ڤی ئێم ئێکس 33 کراس ئۆتۆماتیک ) لە یەک ملیار و 570 ملیۆن تمەنەوە بۆ دوو ملیار و 881 ملیۆن تمەن بەرزبووەوە.
نرخی (ئێم ڤی ئێم ئێکس 55 پرۆ ئای ئی) لە یەک ملیار و 986 ملیۆن تمەنەوە بۆ 3 ملیار و 748 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە.
هەروەها نرخی ئۆتۆمبێلی ( فۆنیکس ئێف ئیکس ) لە دوو ملیار و 572 ملیۆن تمەنەوە بۆ 4 ملیار و 940 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە. نرخی ئۆتۆمبێلی (تیگۆ 8 پرۆمەکس ئای ئی) لە دوو ملیار و 954 ملیۆن تمەنەوە بۆ 5 ملیار و 332 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە.
بە گوێرەی میدیای ئێران، وەستانی بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆڵا لە دوو گەورە کارگەی پۆڵای ئێران واتە کارگەی پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان و کارگەی پۆڵای خوزستان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کارگە نێوخۆییەکانی بەرهەمهێنانی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل و ئەوەش گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبێلی لێکەوتووەتەوە.
عیزەتوڵلا زارعی، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران دەڵێ، وەزارەتەکەی بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی بەرزکردنەوەی نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نێوخۆی ئێران بەرهەم دەهێندرێن، دەرنەکردووە.
زارعی گوتی، پێویستە هەر جۆرە زیادکردنی نرخی ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی ئەنجوومەنی کێبرکێ و دامەزراوەی پشتیوانی لە بەکارهێنەران بێت و بە گوێرەی دۆخی ئابووریی وڵات بێت و دۆخی خەڵکەکە لەبەرچاو بگیرێ.
حوسێن فەرهیدزادە، سەرۆکی دامەزراوەی پشتیوانی لە بەکارهێنەران لە ئێران دەڵێ، کۆمپانیای مودیران خودرۆ مافی ئەوەی نییە بە نرخە نوێیەکان ئۆتۆمبێلەکانی بخاتە بازاڕەوە.
فەرهیدزادە گوتی: "هۆشدارییەکی نووسراو بە کۆمپانیای مودیران خودرۆ دراوە کە هیچ بەرهەمێکی بەو نرخە نەفرۆشێت و پێویستە خەڵک خۆیان لە کڕینی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە بەدوور بگرن تاوەکو نرخە یاساییەکان دیاری دەکرێ."



