رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لانیکەم 4.5 ترلیۆن تمەن زیان بە زانکۆکە گەیشتووە. دەشڵێت، بەشێکی زانکۆکە بە تەواوی وێران بووە.
رۆژی چوارشەممە، 03-06-2026، موڕتەزا ئیسماعیلی، یاریدەدەری کارگێڕی و دارایی سەرۆکی زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئێران سەبارەت بە زیانی زانکۆکە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا رایگەیاند، قەبارەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 4.5 ترلیۆن تمەن.
بە گوتەی موڕتەزا ئیسماعیلی، زۆربەی بەشە گرنگەکانی زانکۆکە وەک تاقیگە و کۆلێژەکان، زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بەشێکیشیان بە تەواوی رووخاون.
وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئێران دەڵێت، زیانەکان بە شێوەیەکن، کە ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، شیاوی بەکارهێنان نین.
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەش کرد بۆ سەر ئێران و 40 رۆژ بەردەوام بوو.
لە ئەنجامی هێرشەکاندا لانیکەم 20 زانکۆ و ناوەندی خوێندنی باڵای ئەو وڵاتە بۆردوومان کران کە زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئێران یەکێک لەو ناوەندانە بوو.
باڵەخانەی سەرەکیی زانکۆکە ساڵی 1929 دروستکراوە و کەوتووەتە نارمەکی باکووری رۆژهەڵاتی تاران کە لە کاتی جەنگەکەدا، گەڕەکەکە چەندین جار بە چڕی بۆردوومان کرا.
ساڵی 2015 دامەزراوەی تایمزی بەریتانی کە ساڵانە بەپێی چەندین پێوەر (وەک کوالێتیی وانەگوتنەوە، توێژینەوەی زانستی و رێژەی خوێندکاری نێودەوڵەتی) پلەبەندیی زانکۆکانی ئاسیا و جیهان بڵاودەکاتەوە، ناوی زانکۆی زانست و پیشەسازیی ئێرانی خستە نێو ریزی 60 باشترین زانکۆکانی ئاسیا.



