رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێ، لە ئەنجامی بۆسەیەکی هێزەکانی ئێراندا ئەندامێکیان گیانی لەدەستداوە و دوو سەربازی ئێرانیش برینداربوون.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە.
هەپەگە، لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، "شەوی 30ـی ئایار، گرووپێک لە هەڤاڵانمان لە کاتی جووڵەکردنیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، لە نزیک گوندی زێڤێ لە ناوچەی قەلەنیێ (دەشتی چاڵدێران) لە کاتی پەڕینەوەیان لە ئاوێک، کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ئێرانەوە."
هەپەگە دەشڵێت: "هێزەکانی ئێران یەکەمجار تەقەیان کرد و لە هێزەکانی ئێمەیان دا. لەو پێکدادانەدا حەقی قەراری هاوڕێمان شەهید بوو و دوو سەربازی ئێرانیش بریندار بوون".
هەپەگە هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت: "دانانی بۆسەیەکی بەو شێوە ناپاکانەیە بۆ گرووپێک کە هیچ زیانێکی بۆ کەس نەبووە و شەهیدکردنی هەڤاڵەکەمان، جێگەی تێڕامانە. ئەگەر ئەم جۆرە رەفتارانە بەردەوام بن، ئاشکرایە کە هەڵسەنگاندن دێتە رۆژەڤەوە."



