رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی و ناکۆکی لەنێوان بەرپرسانی وڵاتەکەیدا، بە سەرەکیترین ئامرازی ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاران. دەشڵێت: هەر هەنگاوێکی بەرپرسانی ئێران ببێتە هۆی ''بەدگومانی و ساردبوونەوەی خەڵک''، بە یارمەتیدانی دووژمنانیان هەژمار دەکرێ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-06-2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران بەبۆنەی 37ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی روحوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر ناکۆکیی چەندین ساڵەی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل.
لە بەشێکی پەیامەکەی خامنەییدا هاتووە، ''سیستمی زاڵ کە سەربازگەیەکی بە ناوی ئیسرائیل نزیکەی 80 ساڵ لەمەوبەر دروستکردووە، بوونی ئێرانێکی بەهێز و سەربەخۆ لە سنووری رۆژهەڵاتی جوگرافیای پووچ و درۆیینەکەی ئیسرائیلی گەورە، واتە رۆژهەڵاتی فورات، قبووڵ ناکات و بۆ رێگریکردن لە پێشکەوتنی، لە هیچ هەنگاوێک درێخی ناکات.''
رێبەری ئێران ئاماژەی بە جەنگەکانی 40 رۆژە و 12 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و گوتی، ''ئێستا کە لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە چەکدارەکانمان تووشی شکست بوون، بەتایبەتی بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی گورزێکی یەکلاکەرەوە، چ لە جەنگی سەربازی و چ لە گۆڕەپان و شەقامەکاندا، بە قووڵی و پڕ واتا سووک بوون.''
وەک موجتەبا خامنەیی دەڵێت، ''شکستهێنان''ـی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگ لەگەڵ ئێراندا، بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی بەرچاوی وڵاتان لێیان.
بەگوتەی رێبەری ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان بۆ جەنگی تێکەڵاو لەگەڵ وڵاتەکەی لە دوو خاڵدا چڕ کردووەتەوە، یەکەمیان، خۆڕاگریی خەڵک؛ دووەمیان، دروستکردنی هەڵە لە سیستمی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی وڵات.
موجتەبا خامنەیی دەشڵێت، ئامرازی سەرەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، ''چاندنی تۆوی دوودڵی، نائومێدی، ترس، بەدگومانی و ناکۆکی''ـیە. داواش لە هەموو لایەنێک دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، بە ''خۆڕاگری، بەرچاوڕوونی، پاراستنی یەکڕیزی و متمانە بە یەکدی و هاوڕا نەبوون لەگەڵ دوژمن''، هەنگاو بنێن و پیلانەکانیان پووچەڵ بکەنەوە.
رێبەری ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە رۆڵی بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، ''رۆڵی بەرپرسان لە پشتیوانیکردنی ئەم بابەتانە زۆر گرنگە. هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی بەدگومانی و ساردبوونەوەی خەڵک، بە یارمەتیدانی دوژمنی ئەم وڵات و خەڵکە هەژمار دەکرێ.''
پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی لەکاتێکدایە کە دوای 40 رۆژ جەنگی بەردەوام، لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان تاران و واشنتن هاتووەتە ئاراوە و ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی یەکلاییکەرەوە و درێژخایەن.
.jpg&w=3840&q=75)


