رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران دەڵێ، بە مووشەک و درۆن هۆشداری بە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا داوە کە ویستوویانە لە سنووری ئاوی ئێران نزیک ببنەوە.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: ''لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی خراپەکاری، هەراسانکردنی دەریایی و رفاندنی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان، بە مووشەک و درۆن هۆشداریمان بە کەشتییە جەنگییەکانی DDG-103 و DDG-87ـی ئەمریکا دا کە ناچار بوون دەریای عومان بەرەو زەریای هیند جێبهێڵن.''
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزی دەریایی سوپای ئێران لە هۆشدارییەکەدا مووشەکی قەدیر و درۆنی (شەهید دانا)ـی بەکارهێناوە.
سوپای ئێران دەڵێ، جگە لەو دوو کەشتییە جەنگییەی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێرشبەری (تریپڵ)ـیش ناچار کراوە دەریای عومان جێبهێڵێت.
ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی دەریایی سوپای ئێران هۆشداریش دەدات، سەرەڕای دوورکەوتنەوەی کەشتییەکانی ئەمریکا لە مەودای ئەو مووشەکانەی بەکارهاتوون، ''لە ئەگەری پێویستدا مووشەکەکانمان بە مەودای زیاترەوە بەکاردەهێندرێن."
راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رەتی دەکاتەوە هێرش کرابێتە سەر هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەو وڵاتە لە دەریای عومان.
لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان واشنتن و تاران هەیە و رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا "زۆرباش" بەڕێوەدەچن و پێشبینیی کرد، رەنگە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک.



