رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بیرۆکەی کۆبوونەوەی رێبەری باڵای وڵاتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە "دوور لە واقیع" ناوبرد و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێشنیازەکەی واشنتنی بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی لەو شێوەیە رەتکردەوە.
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە 03-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) رایگەیاند، ویستی ئەوەی هەیە موجتەبا خامنەیی ببینێت. ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دیدارێکی لەو شێوەیە گوتی: "بەڵێ، حەز دەکەم بیبینم؛ پێدەچێ لە کاتێکدا کۆببینەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەوەی دۆخەکە چۆن دەڕوات."
عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ میدیای لوبنانی، ساردیی تارانی بەرامبەر ئەو پێشنیازە نیشاندا و گوتی: "راپۆرتێکم بینی تێیدا ئەو (ترەمپ) ئاماژەی بەوە کردبوو ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە یان دەیەوێ دیدارێک ئەنجام بدات، بەڵام پێم وایە دەبێت واقیعبین بین و لە جیهانی راستەقینەدا بیر بکەینەوە و بژین."
ئەم لێدوانەی عێراقچی وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوە لێکدەدرێتەوە کە مەرجەکانی ئێستا بۆ دیدارێکی لەو ئاستە باڵایە لەبارنین.
موجتەبا خامنەیی لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا وەک رێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستنیشانکرا، ئەوەش دوای ئەوەی باوکی (عەلی خامنەیی) لە 28ـی شوباتدا لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران گیانی لەدەستدا.
عێراقچی لە هەڤپەیڤینەکەدا پەردەی لەسەر وردەکاریی ئەو رۆژە لادا و گوتی، لە کاتی هێرشەکەدا کە بووەهۆی کوژرانی رێبەری پێشوو، ئەو لە نووسینگەی رێبەردا بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بەشێکی دیکەی باڵەخانەکەدا بووە، هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، موجتەبا خامنەیی "بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر سەرپەرشتیی کاروباری وڵات دەکات و کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هەموو جومگەکاندا هەیە." سەبارەت بەوەی بۆچی لە دوای دەستبەکاربوونییەوە رێبەری نوێ لە میدیاکان و شوێنە گشتییەکان دەرنەکەوتووە، عێراقچی روونی کردەوە کە "ئەمە تەنیا بەهۆی رەچاوکردنی دۆخی ئەمنییە" کە جەنگ دروستی کردووە.
ئاگربەستێکی لەرزۆک و گفتوگۆیەکی بێ ئەنجام
لە 8ـی نیسانەوە بەهۆی ئاگربەستێکی لەرزۆکەوە جەنگی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل راگیراوە، بەڵام ئەم راگرتنە هێشتا نەبووەتە هۆی رێککەوتنێکی سیاسیی هەمیشەیی.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد, سەرەڕای هەبوونی گفتوگۆ لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی کە گەرەنتی راگرتنی هەمیشەیی جەنگەکە بکات.
عێراقچی گوتی، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کراوەیی ماونەتەوە، بەڵام دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ پێشکەوتنێکی گەورەیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد: "پەیوەندی و گفتوگۆکانمان نەبڕاون، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ پێشکەوتنێکی تایبەت لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە دانوستاندنەکان بەدی نەکراوە. سەرەڕای ئەوەش، هەردوولا ئێستا کار لەسەر ئەو دەقانە دەکەن کە لەبەردەستدان."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، تاران تەنیا ئەو کاتە دانوستاندنەکان دەستپێدەکاتەوە کە دۆخەکە لەبار بێت و لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێراندا بگونجێت.



