رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکە ئاشتیخوازانەیە و ''بە هیچ شێوەیەک'' دانوستاندن لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم قبووڵکراو نییە.
رۆژی هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە جەنگی 40 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل رایگەیاند، دوای ئاگربەستیش، ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە جەنگێکی تێکەڵاوی ئابووری، میدیایی و دەروونی بەرامبەر ئێران کردووە، بۆ ئەوەی ''یەکڕیزیی نیشتمانی''ـی وڵاتەکە لاواز بکەن.
حەمیدڕەزا حاجی بابایی ئاماژەی بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کرد و گوتی: "وزەی ئەتۆمیی ئاشتییانە مافێکی رەوایە کە ئێمە بە پشتبەستن بە توانای نێوخۆیی پێی گەیشتووین و لەنێوناچێت''.
پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران، خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان تاران و واشنتنە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ: ''هیچ دانوستاندنێک لەبارەی ئەم بابەتەوە قبووڵ ناکەین و سەرەڕای گوشارەکانیش، جەخت لە مافە ئەتۆمییەکانی خۆمان دەکەینەوە.''
قسەکانی حەمیدڕەزا بابایی لەکاتێکدایە، ئەمریکا دەیەوێ تاران ناچار بکات هەموو یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات یان بیباتە دەرەوەی وڵاتەکە. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێرانیش رەتی دەکەنەوە.
لە 8ـی نیسانەوە و دوای 40 رۆژ جەنگ، ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان ئەمریکا و ئێران هاتووەتە ئاراوە. سەرەڕای بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیام، هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.



