رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران تێکچوونی دۆخی تەندروستیی میر حوسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی (بزووتنەوەی سەوز) لە وڵاتەکە رەت دەکاتەوە و دەڵێ، تەنیا بەهۆی هەڵامەتەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
بەشێک لە میدیاکانی ئێران باس لە ناجێگیریی دۆخی تەندرووستیی میرحوسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی سەوزی وڵاتەکە دەکەن کە دوێنێ پێنجشەممە بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە.
هاوکات میدیای سوپای پاسداران دەڵێ، گواستنەوەی میرحوسێن موسەوی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی کێشەی دڵییەوە بووە و بەپەلە لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێندراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، میدیای فەرمیی ئێران سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە دۆخی تەندرووستیی ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوەی سەوز ناجێگیر بێ.
بەگوێرەی میدیاکە، گواستنەوەی موسەوی بۆ نەخۆشخانە، تەنیا بەهۆی هەڵامەتێکی سووکەوە بووە.
دوای رەخنەی کچەکانی میرحوسێن موسەوی لە دۆخی تەندرووستیی باوکیان و خراپبوونی رەوتی وەرگرتنی چارەسەر، دوێنێ پێنجشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە دەرکرد.
مەهدی کەرووبی و میرحوسێن موسەوی دوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، دوای ناڕەزایی دەربڕینیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە 2009 لە ماڵەکەی خۆیاندا خرانە ژێر چاودێرییەوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و دیاریکردنی مەحموود ئەحمەدینەژاد وەک سەرۆککۆمار، بە سەرکرادایەتیی موسەوی و کەرووبی ئاڵۆزییەکی زۆر لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوو کە ئەو جووڵەیە بە بزووتنەوەی سەوز ناسرا.



