رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێ، ئەو هەواڵەی لەبارەی رەزامەندیی تاران بۆ گواستنەوەی بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ وڵاتی سێیەم بڵاوبووەتەوە ناڕاستە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆ لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ قۆناخەکانی داهاتوو دواخراوە.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس کە میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانە، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، تاران رەزامەندی نەداوە بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە قۆناخی ئێستای ئاڵوگۆڕی پەیامدا لەنێوان تاران و واشنتن، باسی دۆسیەی ئەتۆمی ناکرێ و تاوتوێکردنی ئەو پرسە بۆ قۆناخەکانی داهاتوو دواخراوە.
لە راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فارسدا هاتووە، بابەتی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە کارنامەی ئێستادا نییە، ''بەڵکو پێویستە سەرەتا لایەنی ئەمریکی هەنگاوی دیاریکراو بنێت و لەبارەی پرسە سەرەکییەکانەوە رێککەوتنێکی روون بکرێ.''
راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فارس لەکاتێکدایە، پێشتر میدیای عەرەبی بڵاویکردبووەوە، تاران رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ وڵاتی سێیەم کە جێگەی رەزامەندیی هەردوولا بێت.
لە 8ـی نیسانەوە و دوای ئاگربەست، ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن هەیە. ئەمریکا دەیەوێ تاران ناچار بکات هەموو یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات یان بیباتە دەرەوەی وڵاتەکە. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێرانیش رەتی دەکەنەوە.



