رووداو دیجیتاڵ
سوپاکانی ئێران و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی یەکدی لە ناوچەی کەنداو. سێنتکۆم دەڵێ، چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانی تێکشکاندووە. سوپای پاسدارانی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات کە لە وەڵامی بۆردوومانەکانی ئەمریکادا بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەی لە کوێت و بەحرێن کردووەتە ئامانج.
سێنتکۆم: حەوت مووشەک و چوار درۆنی ئێرانمان تێکشکاند
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی لە ناوچەکەدا رووبەڕووی هێرشێکی چڕی ئێران بوونەتەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئێران حەوت مووشەکی بالیستیی ئاراستەی کوێت و بەحرێن کردووە کە شەشیان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندراون و مووشەکی حەوتەمیش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا چەند کاژێرێک پێش هێرشە مووشەکییەکە، چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئێرانیان لە ئاسمانی تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە.
وەک سێنتکۆم دەڵێ، وەک وەڵامێکیش بۆ ئەو هێرشە، فڕۆکەکانی ئەمریکا پێگە رادارییەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان لە شاری گۆروک لە پارێزگای هورمزگان و دوورگەی قیشم بۆردوومان کردووە.
سوپای ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە بەئامانجگرتنی بارەگای کەشتیگەلی پێنجەم لە بەحرێن دەکەن و رایگەیاند: "ئەو بانگەشانە دوورن لە راستییەوە."
سوپای پاسداران: وەڵامی هێرشی ئەمریکامان دایەوە
سوپای پاسدارانی ئێران گێڕانەوەیەکی جیاوازی بۆ رووداوەکە هەیە و دەڵێ، هێرشەکانی وەڵامێک بووە بۆ "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا".
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێزە دەریاییەکانی رێگرییان لە چوار کەشتیی نەوتهەڵگری "سەرپێچیکار" کردووە کە ویستوویانە بە شێوەیەکی نایاسایی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن.
سوپای پاسداران دەڵێ، دوای ئەوەی ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر دوو بورجی پەیوەندی لە قشم و سیریک، ئەوانیش کاژێر 02:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی (عەلی سالم)ی ئەمریکا لە کوێت و کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن.
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە واشنتن کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکان، وەڵامی تاران سنووردار نابێت و تەنگەی هورمز بە تەواوی بەڕووی هەناردەی نەوت و گازدا دادەخات.
لە 8ی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان تاران و واشنتن هەیە، بەڵام سەرەڕای بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان، هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
.jpg&w=3840&q=75)

