رووداو دیجیتاڵ
هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەهۆی تێکشکانی دەیان درۆنی جۆری (MQ-9 Reaper) لە جەنگی دژی ئێران، رووبەڕووی کورتهێنان بووەتەوە و ئێستا بەدوای کڕینی ئەو درۆنانەدا دەگەڕێ کە پێشتر بەکارنەدەهێندران.
بە گوێرەی راپۆرتە سەربازییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە سوپای ئەمریکا بەشێکی زۆری درۆنە پێشکەوتووەکانی لەدەستداوە. تەنیا لە ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) دژی ئێران، نزیکەی 30 درۆنی ریپەر تێکشکێندراون، ئەمە جگە لەو درۆنانەی لە یەمەن لەلایەن حوسییەکانەوە خرانە خوارەوە.
کۆی بەهای ئەو درۆنە تێکشکاوانەی ئەمریکا بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ.
کەمیی درۆن لە کۆگاکان
هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە ماڵپەڕی (TWZ)ـی راگەیاندووە، پلانێکی هەیە بۆ کڕینی ئەو درۆنە ریپەرانەی لەلایەن کۆمپانیای (General Atomics) دروستکراون و تاوەکو ئێستا بەکارنەهێندراون.
بەڵام کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە کە تەنیا کەمتر لە 10 درۆنی لەو جۆرەی لەبەردەست ماوە.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ژمارەی درۆنەکانی جۆری (MQ-9A) لە کۆگاکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2025دا 231 درۆن هەبوون، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 135 درۆن دابەزیوە. ئەمەش وای کردووە سوپای ئەمریکا پەنا بۆ هەر رێگەیەک ببات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
پەنابردن بۆ پارچەی درۆنە کۆنەکان
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دەستی کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی درۆنە کۆنەکانی جۆری (MQ-1 Predator) کە لە ساڵی 2020ـەوە لە خزمەتی سەربازیی لادراون، تەنیا بۆ ئەوەی پارچە یەدەگەکانیان بۆ چاککردنەوەی درۆنە ریپەرەکان بەکاربهێنێتەوە.
هەروەها باس لەوە دەکرێ کە بەهۆی تێکشکانی زۆری ریپەرەکان، سوپای ئەمریکا ناچار بووە جارێکی دیکە هەندێک لە درۆنە کۆنەکانی لە جۆری پرێدیتەر بگەڕێنێتەوە نێو خزمەتی سەربازی، یان درۆنی جۆری (Gray Eagle)ی سەر بە هێزە زەوینییەکان لە ناوچەکەدا بەکاربهێنێت.
ململانێی مانەوە و داهاتوو
هەرچەندە فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا درۆنی ریپەر بە "گرنگترین ئامراز"ی جەنگی ئاسمانیی دژی ئێران ناودەبەن، بەڵام گومان لە توانای مانەوەی ئەو درۆنە لە بەرامبەر سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران دەکرێ. ریپەر بووەتە نێچیرێکی ئاسانی هێزی ئێران.
لە کاتێکدا واشنتن کار لەسەر پڕۆژەی (MQ-9 Next) دەکات بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێی درۆن، شارەزایان دەڵێن ساڵانێکی زۆری دەوێ تاوەکو ئەو درۆنە نوێیە دەگاتە بەرەکانی جەنگ. تاوەکو ئەو کاتە، پێنتاگۆن ناچارە بە هەر شێوەیەک بێت ئەو درۆنانەی خاوەندارییان دەکات، پارێزگارییان لێ بکات یان بە پارچەی کۆنە و بەکارهاتوو لەسەر پێیان بیانهێڵێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

