رووداو دیجیتاڵ
ئێران رێگە بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لەو هونەرمەندانە خۆش دەکات کە چەندین ساڵە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکە قەدەخە بووە. لەو چوارچێوەیەشدا قەیسەری گۆرانیبێژ و سەدەف تاهیریانی ئەکتەری سینەما گەڕانەوە تاران.
سەدەف تاهیریان، ئەکتەری پێشووی سینەما و نمایشکاری جلوبەرگ چەندین ساڵ بوو بەهۆی کارەکەیەوە و بە هۆکاری ''پێشێلکردنی یاساکانی باڵاپۆشی''، وەک ئێران باسی دەکات، لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دەژیا و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکە قەدەخەبوو، بەڵام ئێستا وێنەیەکی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردوەتەوە کە لە گەڕەکی لەواسانی تاران گیراوە.
کاوە قادری، ناسراو بە (قەیسەر)، گۆرانیبێژی ناسراو، یەکێکی دیکە لەو هونەرمەندانەی کە دوای چەندین ساڵ مانەوە لە ئەمریکا و قەدەخەی چوونەوەی بۆ ئێران، رێگەی بۆ خۆش کرا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
قەیسەر رۆژی هەینی، 05-06-2026، کۆنسێرتێکی لەنێو لایەنگرانی حکومەت لە گۆڕەپانێکی تاران بەڕێوەبرد کە زۆربەی گۆرانییەکانی تایبەت بوون بە پیاهەڵدان بە هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
دەنگۆی ئەوە هەیە چەندین هونەرمەندی ناسراوی دیکە وەک شەهرام شەبپەرە، موعین و داریوش داوایان لێکرابێ بگەڕێنەوە ئێران، بەڵام داواکارییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان رەتکردووەتەوە.
دۆسیەی قەیسەر لەگەڵ گۆرانیبێژەکانی دیکە جیاوازە. ئەو هونەرمەندە هیچ تێبینییەکی ئەمنی لەسەر نییە و تەنیا بەهۆی هاوکاریکردنی هونەری لەگەڵ هەندێک کەناڵی دژبەری ئێران و بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە یانەکانی شەوانە قەدەخەی گەڕانەوەی لەسەر بوو.
ساڵی 2014ـەش قەیسەر گەڕایەوە ئێران کە لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی تاران دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گیرا و بۆ ماوەیەکی کاتیش دەستگیرکرا، بەڵام دواتر توانی بچێتەوە دەرەوەی وڵاتەکە و دەست بە کاری هونەری بکاتەوە.
لەکاتی جەنگی 40 رۆژەشدا قەیسەر و سەدەف تاهیریان چەندین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران و هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەربڕی.


.png&w=3840&q=75)
