رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی پاکستان بە مەبەستی گەیاندنی نامەیەکی عاسم مونیر، بە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، موحسین نەقەوی لەم گەشتەیدا "نامەیەکی تایبەت و گرنگی عاسیم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبات".
هەر بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، وەزیری ناوخۆی پاکستان پێش بەڕێکەوتنی بۆ تاران، لەلایەن شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانەوە رێنمایی و راسپاردەی تایبەتی لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێدراوە تاوەکو لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسیان بکات.
هەروەها ئەم سەردانەی موحسین نەقەوی بە مەبەستی نێوەندگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە ناوچەکە.
بڕیارە وەزیری ناوخۆی پاکستان لەم گەشتەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانەش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن بکات.
گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان 11ی نیسانی 2026 لە شاری ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بە نێوەندگیریی حکومەتی پاکستان دەستیپێکرد. بەڵام تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و پاکستان هێشتا هەر وەک نێوەندگیری نێوان ئەمریکا و ئێران ماوەتەوە و هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان هەر دوو وڵات بەردەوامە.


