رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان رایگەیاند، سێ سەربازیان [دوو ئەفسەر و سەربازێک] لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە باشووری وڵاتەکە کوژراون، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چوونی فەرماندەی سوپای لوبنان بۆ پاکستان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ نێوەندگیرێکی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، هێزە چەکدارەکانی لوبنان رایگەیاند، هێرشەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی لەسەر رێگەی نێوان خەردەلی و نەبەتیە کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆتۆمبێلە لە ناوچەیەکی شەڕدا دەجووڵایەوە و "گومانمان لێیکرد،" بەڵام پێداگریی کرد، ئەوان دژی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا لەوێن نەک سوپای لوبنان و خەریکی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
سوپای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و گوتی: "بەردەوامبوونی دەستدرێژیی ئەنقەست و دووبارەبووەوەی دڕندانەی ئیسرائیل ئامانجی تێکدانی هەموو هەوڵەکانە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک."
جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی لوبنان" وەسفکرد، سەرەڕای هەوڵەکانی لوبنان لە دانوستاندنەکانی واشنتندا. نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنانیش کوشتنی سەربازەکانی بە "تاوانێکی قێزەون و هێرش بۆ سەر لوبنان و هەموو گەلی لوبنان" دانا.
هەردوو سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی لوبنان پێشتر ئێرانیان تۆمەتبار کردبوو بەوەی لوبنان وەک "کارتێکی مامەڵەکردن" لە دانوستاندنەکاندا بەکاردەهێنێت و داوایان لە تاران کردبوو دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیاندا رابگرێت. لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "تاوانێکی قێزەون" وەسفکرد، بەڵام حکومەتی لوبنانی تۆمەتبار کرد بە "خۆبەدەستەوەدانی تەواو بەرامبەر داواکارییەکانی دووژمن لە واشنتن."
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، رۆدۆڵف هێیکڵ، فەرماندەی سوپای لوبنان، رۆژی شەممە بەرەو پاکستان بەڕێکەوتووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لوبنان بەشێکی سەرەکییە لە دانوستاندنەکان." ئەمەش لە کاتێکدایە کە حیزبوڵڵا رێککەوتنی ئاگربەستی مەرجداری واشنتنی رەتکردەوە کە داوای لێدەکرد بکشێتەوە بۆ باکوور تاوەکو سوپای لوبنان لە "ناوچەی تاقیکاری" لەسەر سنوور جێگیر بێت. حیزبوڵڵا داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات.
ئیسرائیل هۆشداریی نوێی بۆ چۆڵکردنی پێنج گوندی دیکەی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان دەرکرد و رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 150 ئامانجی حیزبوڵڵای پێکاوە. نەخۆشخانەی حیرام لە شاری (سوور)ـی باشووری لوبنان رایگەیاند، یەکێک لە پەرستارەکانیان لە کاتی چوون بۆ سەر کار لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژراوە.
لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵا هێزەکانی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان و بنکەیەکی تۆپخانەی نزیک سنووری کردە ئامانج. هەڵمەتی بەرفراوانی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار و 600 کەس لە لوبنان.



