رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەڵێت، هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و ژینگەی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا، شاندی ئێران بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی (IRNA)ی ئێرانی، شاندی وڵاتەکەیان ئەو هێرشانەیان بە "فراوانترین" هێرش لە مێژووی ئاژانسەکەدا وەسف کردووە و رایانگەیاندووە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل 17 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکە ئەتۆمییانەی کە لەژێر چاودێریی ئاژانسەکەدان.
شاندی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاریی هێرشێکی مەترسیداریان بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر ئاشکرا کرد و رایانگەیاند، یەکێک لە مووشەکەکان تەنیا 350 مەتر لە "کارلێککەری سەرەکی" وێستگەکە دوور بووە.
شاندەکەی ئێران گوتوویانە، ئەگەر ئەو وێستگەیە راستەوخۆ بپێکرایە، دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی بڕێکی زۆری مادەی تیشکدەر و کارەساتێکی ژینگەیی گەورەی لە ناوچەکەدا لێدەکەوتەوە.
نوێنەرانی ئێران داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد، کۆتایی بەو شتە بهێنن کە بە "سیاسەتی دووفاقی" ناویان برد و یاسای نوێ دابڕێژن تاوەکو هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە تەواوی قەدەخە بکرێت.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکرد. ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لە پەکخستنی توانای ئەتۆمیی تاران دەکەنەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی "ئاشتیخوازانەیە" و بۆ مەبەستی تەندروستی و وزەیە.


