رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی شارۆنی ئیسرائیل، هێرشێکی چەکداری کرا و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراو و پێنجی دیکەش بریندار بوون. هێزە ئەمنییەکان یەکێک لە هێرشکارەکەیان دەستگیر کردووە و گەڕان بەدوای ئەوی دیکەش بەردەوامە.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، تیمی فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 35 ساڵ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە، هەروەها پێنج کەسی دیکە بریندار بوون کە باری تەندرووستی دووانیان ناجێگیرە و سێ کەسەکەی دیکەش برینەکانیان مامناوەندە.
سوپا و پۆلیسی ئیسرائیل توانییان یەکێک لە تەقەکەرەکان دەستگیربکەن کە هاووڵاتییەکی عەرەبی ئیسرائیلییە و خەڵکی ناوچەی تەییبەیە.
پۆلیس ئۆتۆمبێلی تەقەکەرەکانی دۆزیوەتەوە کە تابلۆی ئیسرائیلی لەسەرە.
ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی تەقەکەری دووەمدان کە باسی ئەوە دەکرێ بەرەو ناوچەی (تسور یتزهاک) هەڵاتووە و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ دەستگیرکردنی دەستیپێکردووە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە. ئییتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەگەر تەقەکەرکە بە زیندوویی دەستگیر بکرێ، دەبێ لەسێدارە بدرێ.
بن گڤیر نووسیویەتی: "ئەمە رێک ئەو هۆکارەیە کە یاسای 'سێدارە بۆ تیرۆریستان'مان بۆ پەسند کردووە. خوێنی جوو بێ بایەخ نییە و هەر کەسێک جوویەک بکوژێ، چاوەڕێی پەتی سێدارە بکات."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەردەوامن. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو سەرنجیان لەسەر رێڕۆی جەنگی ئێران و لوبنانە، دۆخی نێوخۆ ئیسرائیل و کەناری رۆژئاواش ناسەقامگیرە.



