رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و پەیامی تایبەتی بەرپرسانی پاکستانی لەبارەی دانوستاندنەکانی ئێران-ئەمریکا بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران رادەستی عێراقچی کرد.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، سەید موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئیسلامئاباد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان تاران و واشنتن، سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) رایگەیاند، سەید موحسین نەقەوی و عەباس عیراقچی لەو دیدارەدا گرنگترین پرسە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکان و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکایان تاوتوێکرد.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، وەزیری ناوخۆی پاکستان لەو دیدارەدا پەیامی تایبەت و گرنگی بەرپرسانی پاکستانی بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران رادەستی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
وەزیری ناوخۆی پاکستان، رۆژی شەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران کۆبووەوە.
دوای دیدارەکە، سەید موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان رایگەیاند: "لێرەم بۆ ئەوەی پەیامێکی تایبەت بگەیێنم. هاتووم بۆ ئەوەی پەیامی تایبەت و گرنگی عاسیم مونیری سوپاسالاری پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە بارەی دۆخی ئێستا بدەمە ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی."
نەقەوی هەروەها گوتی: "پێموایە ئەم پەیامە، پەیامێکی گرنگ بێت. هیوادارم هەموو شتێک بە باشی بەرێوەبچێت و بە باشی کۆتایی پێبێت."
پاکستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و کردنەوەی تەنگەی هورمز کە لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەم چەند رۆژەی دواییدا زیاتر بوون. سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە دوو درۆنی ئێرانیان لە ئاسمانی تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە.
ئێرانیش رایگەیاندووە، چەندین درۆن و مووشەکیان ئاراستەی بەحرێن و کوێت کردووە، بۆ کردنە ئامانجی بەرژەوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەوەش لە وەڵامی بۆردوومانکردنی دامەزراوە چاودێرییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بوووە.


