رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: "تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن." قالیباف راشیگەیاند: "گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکانی بۆ سەر بەیرووت، بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەو رژێمە لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانجی رەوای هێرشەکانمان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی حوزێرانی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دوای هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی زاحییە لە باشووری بەیرووت، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل.
محەمەدباقر قالیباف رایگەیاند: "نە پابەندی ئاگربەستن، نە بڕوایان بە گفتوگۆ هەیە، و بە گەمارۆی دەریایی و پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی پەیوەست بە لوبنان نیشانیاندا کە تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن."
قالیباف گوتی: "گەمارۆی دەریایی سەر گەلی ئێران و گڵۆپی سەوزی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ رژێمی زایۆنی، بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەو رژێمە لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانجی رەوای هێرشەکانمان."
قالیباف روونیشی کردەوە: "دەستی هێزە چەکدارەکانمان وەکو هەمیشە کراوەیە."
سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ ناوچەی زاحیەی لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بە خەستی بۆردوومان کرد و رایگەیاند، دوو مووشەک کە لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوون، خراونەتە خوارەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپا "بنکەیەکی فەرماندەیی چەکدارانی لە باشووری بەیرووت کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشی حیزبوڵڵا بۆسەر خاکی ئیسرائیل."
باشووری بەیرووت، کە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵایە، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تەنیا دووجار بۆردوومان کرابوو، بەڵام هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل، جارێکی دیکە گرژییەکانی هەردوو لایەنی گەیاندەوە لووتکە.

.jpeg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)