رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانیان و گرووپێکی چەکداردا دروست بووە و بەهۆیەوە ئەندامێکیان و چوار چەکدار کوژراون.
رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی قودسی سەر بە هێزی زەوینیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "لە ناوچەی برنجینانی سەر بە شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، هێزەکانی قەرارگەی قودسی سەر بە هێزی زەوینیی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هێزەکانی بەڕیوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی پارێزگاکە، توانیویانە هەوڵی گرووپێکی تیرۆریستی شکست پێبهێنن کە بەنیازبوون بپەڕنەوە بۆ نێو خاکی ئێران."
سوپای پاسداران دەڵێت: "لە پێکدادانەکەدا چوار چەکداری گرووپەکە و پاسدارێک کوژراون."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێزەکانی سوپای پاسداران توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی، هەروەها چەندین مانگی دەستکردی ستارلینکدا بگرن کە لە لایەن ئەمریکا و رژێمی زایۆنییەوە بەم گرووپە تیرۆریستییە دراوە."
دوای رووداوەکە هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان یەکێک لەو ناوچانەیە کە ناوە بە ناوە تێیدا پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکان روودەدات.
گرووپی "جەیشولعەدل" کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکی دەکات، یەکێک لەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە سنووری پارێزگاکە جموجۆڵی هەیە و پێشتر چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
