رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کردووە و، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو هەڕەشانە چالاک کراون. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئیسرائیل هەرەشەی بەرپەرچدانەوەی تووند بە هێرشکردنە سەر تاران دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل، سیستمە بەرگرییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانەی ئێران چالاککراون. هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێدراوە.
هەڕەشە تووندەکەی تاران: ئەمشەو سەیری ئاسمان بکەن
سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومان کرد و رایگەیاند، دوو مووشەک کە لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوون، خراونەتە خوارەوە، لە بەرامبەردا تاران بە تووندی هۆشداری دا و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "بەئازار و یەکلاکەرەوە"ی کرد.
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، هەڕەشەی "وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە و بەئازار"ـی کرد لە دژی هێرشەکەی بەیرووت.
رەزایی رایگەیاند: "پێویستە ئەم سەگە هارە تەمبێ بکرێن و بخرێنەوە شوێنی خۆیان. ئەمشەو سەیری ئاسمانی سەر زەوییە داگیرکراوەکان بکەن [ئاماژەیە بۆ خاکی ئیسرائیل]."
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە هەوڵی ناوبژیوانیدایە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا داوای کرد، ئیسرائیل بە شێوازێکی "ورد و دیاریکراو"تر هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا و رایگەیاند، پەلەی نییە لە هێنانەناوەی دۆسیەی لوبنان بۆ رێککەوتنی ئێران.



