رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیلی پشتڕاست کردەوە و هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتە و دەڵێت، لە ئەگەری بەرفراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر زاحیەی بەیرووت یان وەڵامدانەوەی هەنگاوەکەی ئێران، رووبەڕووی لێدانی تووندتر و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران، لەبارەی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئێسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
شەوی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سوپای زایۆنی دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و زاحیە رابگرێت و، لە ئەگەری فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە یان وەڵامدانەوەی هەنگاوەکەی ئێران، رووبەڕووی لێدانی تووندتر و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە و هێرشی وێرانکەر لە دژی ئەو رژێمە و لایەنگرانی دەستپێدەکات."
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا دەڵێت: "رژێمی دەستدرێژکاری زایۆنی بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست، رۆژ لە دوای رۆژ خراپەکارییەکانی دژی گەلی چەوساوەی لوبنان زیاتر دەکات؛ ئەمەش بە گڵۆپی سەوز و پاڵپشتیی ئەمریکای تاوانبار و بێدەنگیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات و، بە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو لەوانەش بۆمبی فۆسفۆری، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات."
لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرەڕای هۆشدارییەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رژێمی منداڵکوژی زایۆنی بە بەزاندنی تەواوی هێڵە سوورەکان و زیادکردنی هێرشەکانی لە باشووری لوبنان، زاحیەی بەیرووتی کردووەتە ئامانج. پێشتر ئاگادارمان کردبوونەوە کە لە ئەگەری پەرەسەندنی تاوانەکان لە زاحیەی بەیرووت، هێرش دەکەینە سەر چەندین ئامانج لە ناوچە داگیرکراوەکاندا."
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئێران ژمارەیەک مووشەکەی ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کردووە و، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو هەڕەشانە چالاک کراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل، سیستمە بەرگرییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانەی کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون؛ هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێدراوە.


.jpg&w=3840&q=75)
