رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و گوتی: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "مافی بەرگریی رەوا"دا ئەنجام دراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ پێشێلکارییە دووبارەکانی ئاگربەست و بەردەوامیی کردەوە دەستدرێژکارییەکانی رژێمی زایۆنی دژی لوبنان و ئێران.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل لە دوو هەفتەی رابردوودا بە هاوکاریی سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کەشتی و ئامانجە ئێرانییەکان لە باشووری وڵات و دەستی داوەتە "چەتەیی دەریایی".
بەپێی دەقی راگەیێندراوەکە، هێزە چەکدارەکانی ئێران شەوی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، لە چوارچێوەی مادەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەند ئامانجێکی سەربازییان لە "باکووری خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین" پێکاوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، ئاگربەست لە لوبنان بەشێکی دانەبڕاو بووە لە لێکتێگەیشتن و حکومەتی ئەمریکا بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی هەیە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و هەر جۆرە زیادبوونی گرژییەک لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هۆشدارییەکی تووند دراوە و هاتووە: "هەر جۆرە سەرکێشییەکی رژێمی زایۆنی دژی لوبنان یان ئێران، بە وەڵامێکی کوشندە و گشتگیری هێزە چەکدارە ئازاکانی ئێران بەپەرچ دەدرێتەوە و چیدیکە بوار بۆ دەستدرێژیی ناهێڵدرێتەوە."

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)