رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران رایگەیاند، ئەو پچڕانی ئاوەی بەهۆی "هێرشەکانی ئەمریکا" لە ناوچەی سیریک دروستبووبوو، چاککراوەتەوە و ئێستا ئاو گەیشتووەتەوە ماڵەکان.
رۆژی چوارشەممە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی هورمزگان رایگەیاند دوای هێرشەکانی بەرەبەیانی دوێنێی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی سیریک، تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو زیانیان بەرکەوتبوو، بەڵام تیمەکانیان بە شێوەیەکی "بێوچان" کاریان کردووە بۆ چاککردنەوەیان.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتی: "توانیومانە لە کەمتر لە 12 کاژێردا ئاوی هاوبەشانی شاری 'کوهستک' و گوندەکانی بەشی 'بمانی' ببەستینەوە و ئێستا هیچ کێشەیەکی پچڕانی ئاو لەو شوێنانەدا نەماوە."
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە باشووری ئێران کرد.
چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "شەوی رابردوو ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئاوی لە ناوچەی (سیریک) لە پارێزگای هورمزگان کرایە ئامانج، ئەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر، ئاوی خواردنەوەیان بۆ زیاتر لە 20 هەزار کەس دابین دەکرد."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و رایگەیاند: "لەو هێرشەدا دوو کۆگای ئاو بە توانای 2500 مەتر سێجا ئاو کراونەتە ئامانج، بەهۆی هێرشەکەوە 10 گوند لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون."
شەوی رابردوو وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئەمریکا، کە شەوی پێشووتر لەلایەن ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 5:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:00 شەو بە کاتی هەولێر) بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دەستیان بە هێرشی بەرگری لە خۆکردن کردووە.
سێنتکۆم هێرشەکەی بە "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" وەسفکرد.
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێرانیش رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان"، هەندێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرانە ئامانجی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران.

.jpg&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)