رووداو دیجیتاڵ
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، هەڕەشەکردن لە ژێرخانەکانی ئێران، هەڕەشەیە لە ژیانی خەڵک، بەڵام وەڵامی ئێران، هەمان ئەو شتەیە کە چەندین جار تاقیکراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، "هەڕەشەکردن لە ژێرخانەکان، هەڕەشەیە لە ژیانی خەڵک؛ بەڵام وەڵامی ئێران، هەمان ئەو شتەیە کە چەندین جار تاقیکراوەتەوە: زانست، هەوڵدان و هاوپێوەندی نیشتمانی."
مهاجرانی روونیکردەوە، "بە پشتبەستن بە توانای رۆڵەکانی ئەم خاکە، ئێران بە سەقامگیری دەمێنێتەوە."
ئەم لێدوانەی فاتمە مهاجرانی دوای هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە رایگەیاندبوو هێرشی "زۆر قورس" دەکەنە سەر ئێران و باسی لە ئەگەری بەئامانجگرتنی پردەکان و وێستگەکانی کارەبا کردبوو لە ناو خاکی ئێراندا.
دوای هەڕەشەکانی ترەمپیش، سوپای ئەمریکا هێرشی بۆ سەر چەند پێگەیەک بۆ ناو خاکی ئێران دەستپێکرد کە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوام بوو.
شەوی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دابووەوە و نووسیبووی: "ژێرخانە ستراتیژییەکان دەمارە زیندووەکانی ژیانی خەڵکن. هەڕەشەکردن بۆ لێدان لە تۆڕەکانی گواستنەوە، کارەبا و ئاو، نیشاندەری هێز نییە، بەڵکو گوزارشتە لە نائومێدی لە ئاست ئیرادەی گەلێک دا."
پزیشکیان هەروەها جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە پشتبەستن بە زانست و یەکڕیزیی نەتەوەیی، لە بەرامبەر هەر گوشار و هەڕەشەیەک دا دەوەستێتەوە.
گرژییەکان کاتێک گەیشتنە لووتکە کە ئێران کۆپتەرێکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (ئەپاچی) خستەخوارەوە. لە بەرامبەردا سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر بنکەکانی ئێران دەستپێکرد، کە کاردانەوەی ئێرانی لێکەوتەوە و ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن بنکەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردە ئامانج.

.jpg&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)