رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سیریک لە پارێزگای هورموزگانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی لە دەریای عوماندا، بەڵام هەر پێنج سەرنشینەکەی رزگار کراون.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، رەزا شەهیدیان، قایمقامی سیریک رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دەریای عومان مووشەکێکی ئەمریکا بەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی کەوتووە.
بە گوتەی قایمقامی قەزای سیریک، کەشتییەکە لە دووریی 5 میل لە بەندەری خەسەبی عومان، لەلایەن ئەمریکاوە بە مووشەکێک کراوەتە ئامانج.
رەزا شەهیدیان دەڵێت: "ئەم کەشتییە بارهەڵگرە کەلوپەلی سەرەکیی ژیانی پێبووە، کاژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری خەسەبی عومانەوە بەرەو قەزای سیریک لە دیوی ئێران بەرێکەوتبوو."
قایمقامی سیریک دەشڵێت، "ئەم کەشتییە بارهەڵگرە کێشەکەی 150 تۆن بووە و 5 سەرنشینی هەبووە، کە بە یارمەتیی کەشتییە رێبوارەکان رزگار کراون و گوازراونەتەوە بۆ عومان."
هاوکات میدیاکانی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا یەکێک لە سەرنشینانی ئەم کەشتییە چۆنیەتیی هێرشەکە روون دەکاتەوە. ئەم سەرنشینە گەنجە دەڵێت، ئەوان لەرێگەدا بوون، بەڵام لەپڕ لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە مووشەکێک ئاڕاستەی کەشتییەکەیان کرا، کە بەر ژووری بزوێنەرەکەی کەوت.
سەرنشینەکە لە درێژەدا دەڵێت، هەوڵ دەدەن لە کەشتییەکە بێنە دەرەوە بۆ ئەوەی گیانی خۆیان رزگار بکەن، بەڵام گوتیشی، کەشتییەکە لەگەڵ تەواوی بارەکەیدا بەم زووانە نوقم دەبێت.
لە خولی نوێی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو هێرشی کردە سەر چەند شوێنێکی خاکی ئێران کە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)