رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، سەرەڕای زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان، سەرکردایەتی وڵاتەکەیان هێشتا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی سێ مانگە بەردەوامە و داوای "چارەسەری ئاشتییانە" دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، تاهیر ئەندەرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لەناو ئەم شەپۆلە نوێیەی گرژییەکاندا زەحمەتە مرۆڤ گەشبین بێت، بەڵام ئێمە بێئومێد نەبووین و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین." گوتیشی، "با کۆتایی بە هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستان نەهێندرێت."
ئەم لێدوانانەی پاکستان لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەمریکا هێرشی نوێی کردە سەر ئێران و تاران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن تاران لە دانوستانەکاندا "کات دەکوژێت" بۆ ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگەکە دوابخات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بە قووڵی نیگەرانی ئەو هەڵکشانە سەربازییەیە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و گوتی، "بڕوامان وایە دیپلۆماسی و گفتوگۆ دەبێت بنەمای سەرەکی بن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی گشتگیر لەسەر هەموو پرسەکان."
ئەندەرابی راشیگەیاند، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە چەند رۆژی رابردوودا لە سەردانێکی بۆ تاران گەڕاوەتەوە، کە تێیدا نامە و پەیامی سەرۆکوەزیرانی پاکستانی گەیاندووەتە سەرکردایەتیی ئێران وەک بەشێک لە پڕۆسەی نێوەندگیرییەکە.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە مانگی نیساندا، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە پێکدادانەکان بە چڕی دەستیان پێکردووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)