رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز دەڵێت، دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند شوێنێک لە خاکی ئێران، تەنگەکە تاوەکو کاتێکی نادیار بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، دامەزراوە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی تەنگەی هورمز بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی ئەو گرژییانەی کە لەلایەن هێزە دەستدرێژیکارەکانی ئەمریکاوە لە ناوچەکەدا دروستکراون و بەپێی راگەیێندراوەکەی شەوی رابردووی هێزە چەکدارەکانی ئێران، تاوەکو کاتێکی نادیار تەنگەی هورمز بە تەواوی داخراو دەبێت."
دامەزراوەکە داوا لەو لایەنانە دەکەن، کە مۆڵەتی تێپەربوونیان وەرگرتووە، دانبەخۆیاندا بگرن و چاوەڕێی رێنماییە داهاتووەکانی دامەزراوەی (بەڕێوەبردنی رێرەوی کەنداوی فارس) بکەن."
لە لایەکی دیکەوە، میدیای ئێران دیمەنی نوێی تەنگەی هورمزی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنگەکە لە لایەن هێزی دەریایی ئەرتەش و هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە تەواوی لەسەر هاتووچۆی هەموو جۆرە کەشتییەکەدا داخراوە.
لە بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە نێو خاکی ئێران کە تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
لە بەرامبەردا، قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، ''لە ئێستاوە بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنییەوە لە ناوچەکە، تەنگەی هورمز بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکدا، لەوانەش نەوتهەڵگر و بازرگانی دادەخرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری ئەوەش دراوە، کە هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا بدات، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ بازرگانی و گواستنەوەی وزە، بەڵام لە مانگی ئاداری رابردوو و سەرەتای جەنگی 40 رۆژە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائلدا، تەنگەکە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
لە دوای داخستنی تەنگەکەوە، ئێران لە 5ی ئایاری 2026ـەوە دامەزراوەیەکی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بە ناوی (بەڕێوەبردنی رێرەوی کەنداوی فارس) پێکهێناوە و "سیستەمێکی پشکنین و پەڕینەوە"ی جێگیرکردووە. بەپێی ئەم سیستمە نوێیە، تاران تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەدات کە باج بدەن و لە لیستی "دووژمنان"ی ئێراندا نەبن.
بەرپرسانی ئێران دووپاتیانکردووەتەوە کە دەست لەو تەنگەیە هەڵناگرن و دۆخەکەی بۆ بەر لە جەنگ ناگەڕێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)