رووداو دیجیتاڵ
محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان قسەی کرد و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران، بەتایبەتی هەوڵەکانی پاکستان وەک نێوەندگیر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی قەتەر، سەرۆکوەزیران خۆشحاڵیی وڵاتەکەی بۆ ئەو پێشکەوتنانە دەربڕی کە لە دانوستاندنــەکاندا بەدەست هاتوون. ئەو ئاشکرای کرد کە نێوەندگیریی پاکستان گەیشتووەتە قۆناخــێکی یەکلاکەرەوە و دەقی کۆتایی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادە کراوە.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان جەختی لەوە کردەوە، قەتەر بە ئومێدەوە چاوەڕێی واژۆکردنی ئەم رێککەوتنەیە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە و گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەکان بە ئەرێنی وەڵامی ئەم هەوڵانە بدەنەوە تاوەکو مەرجەکان بۆ ئاشتییەکی بەردەوام فەراهەم بکرێن و چیدیکە ناوچەکە لە دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیریدا نەمێنێتەوە."
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی قەتەر دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بە تەواوی پاڵپشتیی هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی پاکستان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە تەنگژەکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و گەیشتن بە لووتکەی لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەکان.



