رووداو دیجیتاڵ
بە رەزامەندیی رێبەری ئێران، لێخۆشبوون بۆ 139 بەندکراو دەرکرا، کە پێشتر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو. گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی وڵاتەکە دەڵێت، لێخۆشبوونەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دۆسیەکەیان ئەمنییە، یان لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەدا سزا دراون.
رۆژی شەممە 14-06-2026 ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی رەزامەندیی خۆی بۆ لێخۆشبوونی سزای لەسێدارەدانی 139 بەندکراو دەربڕیوە.
ئەسغەر جەهانگیر ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ئێران کرد و گوتی، "لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتان لەکاتی قەیران و جەنگدا خۆیان لە دەرکردنی لێخۆشبوون بەدوور دەگرن، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە روانگەیەکی بەزەیی ئیسلامییانە، زەوینەی سوودمەندبوونی ژمارەیەک سزادراوی لەو لێخۆشبوونە رەخساندووە."
بەپێی لێخۆشبوونەکە، ژمارەیەک لە سزادراوان ئازادکراون یان سزاکانیان بۆ سووککراوە. گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، لێخۆشبوون ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە "تاوانە ئەمنییەکان و رووداوەکانی ئەم دواییانە"ی وڵاتەکەیدا دەستگیر کراون، بۆیە هەر لە سەرەتاوە لە لیستی ناوی بەندکراوان دەرهێندراون.
یەکەم جارە لە ئێران لێخۆشبوونی لەم شێوەیە بۆ سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک دەردەچێت. ئەسغەر جەهانگیر گوتی، "ئەو بەندکراوانە سکاڵای تایبەتیان لەسەر نەبووە، پێشینەی تاوانی ئەمنییان نییە و بەهۆی چاکبوونی رەوشتیان، دەربڕینی پەشیمانی و بەشداریکردن لە پرۆسەکانی چاکسازی لەنێو زیندان، مەرجەکانی سوودمەندبوون لە لێخۆشبوونیان تێدابووە."

.jpg&w=3840&q=75)

