رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە جەنگی ئەمدواییەدا، ئێران رووبەڕووی بەرەی لووتبەرزی بووەتەوە و گوتی: "تاران توانیویەتی بەسەر سوپای ئەمریکا و رژێمی زایۆنیدا سەرکەوێت کە هێزە سەربازییە یەکەمەکانی جیهانن."
رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، محەممەدباقر قالیباف لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، "رێگەمان نەدا دووژمن بگاتە هیچ کام لەو 9 ئامانجەی کە رایانگەیاندبوو."
سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ، "شەڕی ئەمڕۆ تەنیا لە سەنگەرە سەربازییەکاندا نییە، بەڵکو لە چوار مەیدانی سەرەکیدا (سەربازی، شەقام، دیپلۆماسی و خزمەتکردن بە خەڵک) بەردەوامە."
قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، خەڵک لە بەیانیی 10ی ئازارەوە روویان لە شەقامەکان کردووە و هاتوونەتە ناو مەیدانی تێکۆشانەوە. "ئەم چوار مەیدانە هاوئاهەنگییەکی پتەویان لە نێواندایە و بە جۆرێکە کە ئاڵای تێکۆشان بەپێی بارودۆخ لە نێوان مەیدانەکاندا دەگوازرێتەوە."
بە گوتەی قالیباف، ئێران لە قۆناخــێکی مێژووییدایە و ئەم مەیدانانە پێکەوە سەرکەوتنی ئێران دروست دەکەن و گەیشتوونەتە لووتکەی بەرگری، بە جۆرێک کە "چیدیکە دووژمنان ناتوانن هەڕەشە لە سەروەریی خاکی ئێران بکەن."
"ترەمپمان ناچارکرد داوای راگرتنی شەڕ لە نەتەنیاهوو بکات"
محەممەد باقر قالیباف، وردەکاریی نوێی لەبارەی دانوستاندنــەکانی ئاگربەست و پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن ئاشکرا کرد و لەبارەی لوبنانیشەوە گوتی: بەشێکی جیانەکراوەی بەرەی مقاومەیە و دەبێت ئاگربەست هەموو بەرەکان بگرێتەوە.
قالیباف ستایشی گەلی لوبنان و حیزبوڵڵای کرد کە لە کاتی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران"، هاتنە مەیدان و "نزیکەی چوار هەزار شەهیدیان دا."
ئەو گوتی: "کاتێک ئیسرائیل زاحییەی بەیرووتی کردە ئامانج، ئێمە هەڕەشەمان لە ئەمریکا کرد؛ دەرەنجام ترەمپ ناچار بوو پەیوەندی بە نەتەنیاهوو بکات و داوای راگرتنی هێرشەکان بکات."
"شمشێرەکەمان لە کاتی دانوستاندنیشدا ئامادەیە"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، سەرکەوتنەکانیان لە ناو دانوستاندنــەکاندا، پشتئەستوور بووە بە هێزی سەربازی. "کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر زاحییە، ئێمە ئۆپەراسیۆنی (نەسر)مان دەستپێکرد. "لەوێدا دووژمن تێگەیشت کە کاتێک ئێمە باسی دانوستاندن دەکەین، هاوکات شمشێرەکەمان ئامادەیە."
قالیباف دەڵێ، ئەو دیپلۆمات نییە، بەڵکو جەنگاوەرە و بە کولتووری جەنگاوەری کارە دیپلۆماسییەکان بەڕێوە دەبات. گوتیشی: "ئەوەی دەمانویست بە کردارە سەربازییەکان بەدەستی بهێنین، چەند هێندەی دیکەمان لە رێگەی دانوستاندنــەوە مسۆگەر کرد. بۆ نموونە بڕیار بوو گەمارۆ لە ماوەی 30 رۆژدا هەڵبگیرێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکانمانەوە ترەمپ هەمان شەو هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکەی راگەیاند."
4 مەیدانەکە و هێزی خەڵک
قالیباف جارێکی دیکە ئاماژەی بە ستراتیژیی "چوار مەیدانەکە" (سەربازی، شەقام، دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری) کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئامادەیی خەڵک لە شەقامەکاندا نەبووایە، ئەو نەیدەتوانی بەو هێزەوە قسە بکات. "هێزە چەکدارەکانمان دەتوانن لووتی دووژمن لە زەوی بدەن، بەڵام ئەمە تەنیا بە پشتگیریی گەل دەکرێت."
"لە ژێر سێبەری مووشەکدا گەمارۆمان شکاند"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنـکاری ئەو وڵاتە، پێیوایە سەرکەوتنە سەربازییەکان بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی و سیاسی بێ سوودن.
قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، لە ناوەڕاستی دانوستاندنــەکاندا بوون کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زاحییەی بەیرووت، "هەر لەوێدا پێمان گوتن وەڵام دەدەینەوە و تەنیا لە ماوەی چەند خولەکێکدا پەیامەکەمان گەیشتە لایەنی بەرانبەر."
سەرۆکی پەرلەمان روونی کردەوە، ئەو بابەتانەی لە ماوەی 60 رۆژدا لەسەری رێکنەدەکەوتن، دوای ئەم گوشارە سەربازییانە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا چارەسەر بوون.
شکاندنی گەمارۆ لە یەک شەودا
قالیباف وەک نموونە باسی لوبنانی کرد و ئاشکرای کرد، بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو گەمارۆ لە ماوەی 30 رۆژدا هەڵبگیرێت، بەڵام هەمان شەو کرا.
ئەو ئاماژەی بە پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ کرد کە تێیدا رایگەیاندبوو گەمارۆی سەر ئێرانی هەڵگرتووە و تەنگەی هورمزیش کراوەیە، بەڵام قالیباف دەستبەجێ وەڵامی دایەوە و گوتی: "من رامگەیاند کە بەشی دووەمی قسەکانی ترەمپ راست نییە و هێشتا تەنگەی هورمز نەکراوەتەوە؛ چونکە من بێمتمانەترین کەسم بەرانبەر بە ئەمریکا."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، لە ئیسلامئاباد بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای گوتووە: "بزانە کە ئێمە بێمتمانەیی تەواوەتیمان بەرانبەر بە ئێوە هەیە؛ چونکە ئەمریکا هەم پێش شۆڕش و هەم دوای شۆڕش خیانەتی زۆری لە گەلی ئێران کردووە." ئەو جەختی کردەوە کە هەرچەندە بە "نیازپاکییەوە"ـەوە چووەتە ناو ئەم قۆناخــەی دانوستاندنــەکان، بەڵام بە دەسەڵات و هێزەوە قسە دەکات.
قالیباف گوتیشی: "ئەگەر بمانویستایە گەمارۆ بە شەڕ بشکێنین، دەبوو جەنگێکی زۆر گەورەتر لە جەنگی 38 رۆژە بەرپا بکەین، بەڵام لە یەک شەودا و لە ژێر سێبەری هەمان ئەو مووشەکانەدا، ئەم ئامانجەمان لە ناو دانوستاندنــەکاندا بەدەست هێنا."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
