رووداو دیجیتاڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەپچڕێنێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەگوترێت کالاس لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا ئیسرائیلی بە "رژێمی ئەپارتاید"ـی پێشووی ئەفریقای باشوور چواندووە. رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشی تووندی کردە سەر کایا کالاس و تۆمەتباری کرد بەوەی "نادادپەروەرانە" دژی ئیسرائیل دەجوڵێتەوە. ساعر نووسیویەتی، "بڵاوکراوەتەوە کە کالاس لە سەردانەکەیدا بۆ مەکسیک، ئیسرائیلی بە رژێمی رەگەزپەرستی ئەپارتایدی ئەفریقای باشوور چواندووە. تاوەکو ئێستاش هیچ روونکردنەوە یان رەتکردنەوەیەکی لەبارەی ئەم لێدوانە مەترسیدارەوە بڵاونەکردووەتەوە." وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، "وەک وەزیری دەرەوە، هیچ بژاردەیەکی دیکەم لەبەردەمدا نییە جگە لە پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ کالاس، تا ئەو کاتەی پاشەکشە تۆمەتە بێبنەمایە دەکات کە ئاراستەی تاقە دەوڵەتی جووی کردووە لە جیهاندا." سەرچاوەی کێشەکە لە کوێوە بوو؟ بەگوێرەی ماڵپەڕی (یوراکتیڤ)، کایا کالاس مانگی رابردوو لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ مەکسیک، لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەو بەراوردکارییەی کردووە. ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و یەکێتیی ئەورووپا لە دوای جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023 و زیادبوونی تووندوتیژیی لە کەرتی رۆژئاوا، گەیشتووەتە نزمترین ئاست. کایا کالاس لەم هەفتەیەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی سنووردارکردنی بازرگانی لەگەڵ کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەرتی رۆژئاوا دەکات. هەروەها باسی لەوە کرد، چەند وڵاتێکی ئەورووپی پێشنیازی سەپاندنی سزایان کردووە بەسەر ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل. پێشنیاری سزادانی بن گڤیر دوای ئەوە هات کە ئەو ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا گاڵتە بەو چالاکڤانە دەستبەسەرکراوانە دەکات کە لەناو کەشتییەکی هاوکاریی مرۆیی بەرەو غەززە دەچوون. لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، هێرشی جووەکان بۆ سەر فەڵەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا زیادی کردووە. ئێستا جیا لە قودسی رۆژهەڵات، زیاتر لە 500 هەزار ئیسرائیلی لە کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەرتی رۆژئاوا دەژین، کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە "نایاسایی" دادەنرێن، لە بەرامبەردا نزیکەی سێ ملیۆن فەڵەستینی لەو ناوچانە نیشتەجێن. سەپاندنی هەر سزایەک لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پێویستی بە رەزامەندیی سەرجەم 27 وڵاتە ئەندامەکە هەیە، بەڵام وڵاتانی پشتیوانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا رێگرن لە دەرکردنی بڕیاری لەو شێوەیە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست18-06-2026دوای رێککەوتنی واشنتن و تاران؛ یەکەم کەشتیی گازی فەرەنسی تەنگەی هورمزی بڕی