رووداو دیجیتاڵ عەلی مەدەنیزادە، وەزیری ئابووریی ئێران دەڵێت، هەرچەندە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا کەمێک دۆخەکە دەگۆڕێت، بەڵام بڕیار نییە ئابووریی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخێکی تەواو ئاسایی. رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، عەلی مەدەنیزادە، وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند: "حکومەت سەرەڕای کورتهێنانی پێشووی بودجە، 100 تریلیۆن تمەنی دیکەی بەهۆی جەنگی ئەم دواییانەوە لە بانکی ناوەندی بە قەرز وەرگرتووە و لە چەند مانگی داهاتوودا کاریگەریی هەڵاوسانی گەورەی ئەم قەرزە دەردەکەوێت." بە گوتەی وەزیری ئابووریی ئێران، "دوای دەستپێکردنی جەنگ، داهاتی نەوت و باج زۆر کەمیکردەوە، لە بەرامبەردا خەرجییەکانی حکومەت زۆر زیاتر بوون، لە ئەنجامدا ناهاوسەنگیی بودجە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە." عەلی مەدەنیزادە گوتی: "ئەگەر جەنگیش رووی نەدابایە، چەند سەد تریلیۆن تمەن کورتهێنانی بودجەمان دەبوو؛ ئێستاش کە دۆخەکە خراپتر بووە. حکومەت لە دۆخێکی زۆر سەخت و تایبەتدایە." وەزیری ئابووریی ئێران ئاماژەی بە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران کرد و رایگەیاند: "هەرچەندە رێککەوتن کەمێک دۆخەکە دەگۆڕێت، بەڵام بڕیار نییە ئابووریی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخێکی تەواو ئاسایی." لە 28ی شوباتی 2026ـەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستپێکرد کە بۆ ماوەی 40 رۆژ بەردەوام بوو. لە 8ی نیسان ئاگربەست لە نێوان لایەنەکان راگەیێنرا و لە 11ی نیسانیش گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان، لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو. شەوی یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا و رێککەوتنیان لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن راگەیاند. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، لێکتێگەیشتنەکە بە ئونلاین لە لایەن دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە واژۆ کرا.
ئێران18-06-2026موجتەبا خامنەیی هۆکاری رەزامەندیی لەسەر رێککەوتن ئاشکرا دەکات: سەرۆککۆمار دڵنیایی پێدام