رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دڵنیایی دەداتە رێبەری وڵاتەکە و خەڵک، کە ئەگەر ئەمریکا پابەندی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان نەبێ، رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگرنەبەر.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 19-06-2026، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا دڵنیایی دراوە، لەکاتی دانوستاندندا سەرجەم رێنمایی و بڕیارەکانی موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە لەبەرچاو دەگیرێت، ''بەتایبەتی لە پارێزگاریکردن لە مافەکانی گەلی ئێران و بەرەی موقاوەمە.''
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی بەرەوپێشبردنی دانوستاندنەکان لەسەر بنەمای بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدرێ، ''بەهیچ شێوەیەک کەمتەرخەمی ناکەین و تاوەکو بەدەستهێنانەوەی تەواوی مافەکانی گەلی ئێران و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی پاکی رێبەرە شەهیدەکەمان، کۆڵنادەین''.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەمریکا بە ''بەڵێنشکێن' ناو دەبات و دەڵێت: ''بە بێمتمانەیی تەواو و بە چاودێریی وردی پرۆسەی دانوستاندنەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان، دەچینە پێشەوە و ئەگەر هەر سەرپێچییەک لەلایەن ئەمریکاوە بکرێ، بەپێی پلانی پێشوەختە داڕێژراو، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر.''
راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە رایگەیاند، هەرچەندە ئەو لە بنەمادا رایەکی دیکەی هەبووە، بەڵام لەبەر خاتری ئەو دڵنیایی و پابەندییانەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار پێی داوە، مۆڵەتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکای داوە.
بەگوتەی خامنەیی، پزیشکیان وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەڵێنی پێ داوە کە مافەکانی گەلی ئێران و بەرەی موقاوەمە بپارێزێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان لەبارەی یاداشتنامەکە لە سویسرا بەڕێوەبچێت، بەڵام حکومەتی سویسرا بە فەرمی رایگەیاند کە دانوستاندنە بڕیارلێدراوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دواخراون.
ئەم بڕیارەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە گەشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)