رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پەرلەمان دژی پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی دەوەستێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پشکنین پێچەوانەی یاسای هەڵپەساردنی هاوئاهەنگییەکانە لەگەڵ ئاژانس.
رۆژی هەینی، 19-06-2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لە ئێکس رەخنەی لە بەردەوامیی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرت بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێراندا ئاماژەی پێکراوە و بەپێی رێککەوتنی نێوانیان بێت، دەبێ لە 60 رۆژی داهاتوودا دانوستاندنی لەسەر بکرێ.
ئیبراهیم رەزایی رایگەیاند، پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان، پێچەوانەی ''دەقی راشکاوی یاسای هەڵپەساردنی هاوئاهەنگی''ـیە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران هۆشداریش دەدات، پەرلەمان دژی "یاساشکێنی و سازشکردن" دەوەستێتەوە.
پەیامەکەی رەزایی لەکاتێکدایە، ناکۆکییەکان لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن لەنێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوامن.
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران پێشتریش یاداشتەکەی بە ''ناهاوسەنگ'' ناوبردبوو، کە هێڵە سوورەکانی وڵاتەکەی تێیدا لەبەرچاو نەگیراون.
بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی لە سویسرا، گفتوگۆ لەسەر یاداشتە لێکتێگەیشتنە 14 خاڵییەکەی نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەبچێت، بەڵام حکومەتی سویسرا بە فەرمی رایگەیاند، دانوستاندنە بڕیارلێدراوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دواخراون.
ئەم بڕیارەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە گەشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.


.jpg&w=3840&q=75)