رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا، ژێرخانەکان و کێبلەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانی ناوچەکە کە لە ژێر ئاوەکانی تەنگەی هورمزەوە تێپەڕ دەبن، ئامانجی نوێی ئێران دەبن.
حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە رێوڕەسمێکدا لە تاران رایگەیاند: "حەوت کێبلی گەورە بە ژێر تەنگەی هورمزەوە تێپەڕ دەبن کە تەواوی داتاکانی ئینتەرنێت و بازرگانی لە رێگەی ئەم کێبلانەوە دەگوازرێنەوە."
گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی: "تەنیا دەمانەوێت بزانن کە ئامانجی نوێ و چەکی نوێ پەردەیان لەسەر لادەدرێت."
لە جەنگی 40 رۆژەدا، دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە ئینتەرنێت و سەنتەرەکانی داتای وێب کرابوونە ئامانج.
لە رۆژانی سەرەتای جەنگی 40 رۆژەدا، کۆمپانیای خزمەتگوزاریی داتاکانی ئەمازۆن (ئیمارات) رایگەیاند کە سەنتەری داتاکانی ئەو کۆمپانیایە کراوەتە ئامانج و زیانی پێگەیشتووە. ئەو کۆمپانیایە دواتر پشتڕاستی کردەوە کە هۆکاری پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی وێبەکەی، هێرشی درۆنی بووە بۆ سەر سەنتەری داتاکانی.

