رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکانی یەمەن دەڵێ، لە 48 کاژێری رابردوودا چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانیان بۆ سەر قووڵایی خاکی سعودیە ئەنجامداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە راستەوخۆ باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی سعودیەیان لە ریازی پایتەخت پێکاوە.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە وەڵامی دەستدرێژی و پەرەسەندنە گەورەکانی سعودیەی دووژمن لە ماوەی 100 رۆژی رابردوودا، کە تێیدا زیاتر لە دوو هەزار و 900 هێرشی ئاسمانی و مووشەکی ئەنجامداوە و بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی زیاتر لە 562 هاووڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیمان بە مووشەکی بالیستی و درۆن ئەنجامدا."
بە گوتەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا بە مووشەکی بالیستی راستەوخۆ لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری لە ریازی پایتەختی سعودیەیان داوە و لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا فەهدیان لە شاری دەمام کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە.
یەحیا سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئۆپەراسیۆنی سێیەمدا هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە شاری یەنبۆع و پێکانەکە راستەوخۆ بووە و ئاگر لە شوێنەکە کەوتووەتەوە؛ هەروەها لە ئۆپەراسیۆنی چوارەمیشدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبهایان لە باشووری وڵاتەکە کردووەتە ئامانج.
سەبارەت بە ئەگەری بەئامانجگرتنی هۆزەکانی یەمەن لەلایەن ریازەوە، گوتەبێژی حووسییەکان هۆشداریی دا و گوتی: "هەڕەشەی دوژمنی سعودی بۆ سەر هۆزەکانی یەمەن بێ وەڵام تێناپەڕێت، لە ئەگەری ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیەدا، لێکەوتەکانی کارەساتبار و چاوەڕواننەکراو دەبن بۆیان و پەنا بۆ بژاردەی گەورە دەبەین کە نەماندەویست پێڕەوی بکەین."
لە مانگی تەممووزەوە ململانێی نێوان حووسییەکان و هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی سعودیە بە شێوەیەکی بەرچاو توندتربووە، بەتایبەت دوای ئەوەی حووسییەکان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا کەناراوەکانی دەریای سووریان لە یەمەن کۆنترۆڵ کرد.
سەریع گوتیشی، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە قووڵایی خاکی سعودیە و پێداگرن لەسەر جێبەجێکردنی هاوکێشەی "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ و پەرەسەندن بەرامبەر پەرەسەندن" تاوەکو دەستدرێژییەکان رادەوەستن و گەمارۆی سەر وڵاتەکەیان هەڵدەگیرێت.



