رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران لە تەنگەی هورمز، هەناردەی نەوتی کەنداو و عێراق ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگی تێپەڕاندووە؛ سیستمێکی نوێی گواستنەوەی نەوت لەژێر پاراستنی سەربازیی ئەمریکادا و قازانجی بێوێنەی بازرگانان، وایکردووە کەشتی گواستنەوەی نەوت زیاتر لە جاران سەرکێشی بە گیانی دەریاوانان و کەشتییەکانیانەوە بکەن.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای بەدواداچوونی کەشتیوانیی کیپلەر، تێکڕای هەناردەی گاز و نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 11 تاوەکو 18ی تشرینی یەکەم گەیشتە زیاتر لە 24 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە لە ئاستی پێش جەنگ (23 ملیۆن بەرمیل) زیاترە. هەروەها تەنیا هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمزەوە گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە دەکاتە 82%ـی ئاستی ئاسایی پێش جەنگ.
قازانجی گەورە و پاداشتی گەورە بۆ دەریاوانان
هۆکاری سەرەکیی مانەوەی هاتووچۆی نەوت لەم ناوچە پڕمەترسییەدا، قازانجی دارایی لەڕادەبەدەرە. بەپێی هەڵسەنگاندنی هومایۆن فەلەکشاهی، سەرۆکی بەشی شیکاریی نەوتی خاو لە کۆمپانیای کیپلەر، بازرگانان لە کاتی دووبارە فرۆشتنەوەی نەوتی عێراقدا دەتوانن بۆ هەر بەرمیلێک 20 دۆلار قازانجی زیاتر بکەن، کە دەکاتە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار قازانج لە باری یەک کەشتیی زەبەلاحدا؛ بە جۆرێک تەنیا سێ گەشتی لەو شێوەیە دەتوانێت تێچووی کڕینی کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی دەستی دوو بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار بە تەواوی پڕبکاتەوە.
بۆ راکێشانی دەریاوانانیش بۆ نێو مەترسییەکانی کەنداو، پاداشتی دارایی دوو هێندە و سێ هێندەی مووچەی ئاسایی مانگانەیان پێدەدرێت؛ کۆمپانیایەکی دابینکردنی کارمەند لە چین بۆ گەشتێکی چوون و هاتنەوە کە یەک بۆ دوو هەفتە دەخایێنێت، تاوەکو 25 هەزار دۆلاری پێشکێش بە کارمەندانی کەشتییەکان کردووە. ئەمەش وایکردووە خاوەن کەشتییەکان تەنانەت ئەو کەشتییە کۆنانەی پێشتر نەوتی ڤەنزوێلا و رووسیایان دەگواستەوە، بنێرنە نێو تەنگەی هورمز بۆ بارکردنی نەوتی عێراق و کەنداو.
تاکتیکی شاتڵ و دەربازبوون لە هێرشەکانی ئێران
سیستمی نوێی کەشتیوانی بە شێوەی گەشتی کورت کار دەکات؛ لە ژێر چەتری پاراستنی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکادا لە رێڕەوێکی نزیک کەناراوەکانی عومان، تانکەرەکان دەچنە نێو کەنداو و بە کوژاندنەوەی ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتن (سیستەمی رادار) نەوت بار دەکەن، دواتر بە تەنگەی هورمزدا دەگەڕێنەوە نزیک ئاوەکانی عومان و بارەکەیان دەگوازنەوە سەر کەشتییە گەورەکان بۆ بازاڕەکان.
لە لایەکی دیکەشەوە، هێڵەکانی بۆریی نەوت لە سعودیە و ئیمارات بەکاردەهێنرێن، بە جۆرێک لە مانگی ئەیلوولدا 40%ـی نەوتی نا-ئێرانی بەبێ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا هەناردە کراوە.
ئەم پێشکەوتنە لە کاتێکدایە کە سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن، مووشەک و تاکتیکی گەریلایی هاوشێوەی حووسییەکان بە بەلەمی بچووکی راوچی هەوڵی راگرتنی کەشتییەکان دەدات.
تەنیا لەم مانگەدا نزیکەی 30 هێرش بۆ سەر کەشتییەکان تۆمارکراون کە دەکاتە 20%ـی تەواوی هێرشەکانی درێژایی ئەم جەنگە.
سەرەڕای زیادبوونی هەناردە، نرخی نەوت هێشتا بە بەرزی ماوەتەوە و نەوتی برێنت لە دەوروبەری 108 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە دەکرێت، بازرگانانیش نیگەرانن لەوەی کە ئەم سیستمە پارێزراوە لە درێژخایەندا بەردەوام نەبێت، بەتایبەت لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی توودتر پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا.


