رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشی سەر کەنیسەی قەدیس جۆرجیۆس لە پارێزگای کەرەکی ئوردن سەرکۆنە دەکات و هاوسۆزیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە لە رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر"دا دووپات دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە ترسنۆکانە دەکەین کە کرایە سەر کەنیسەی قەدیس جۆرجیۆس لە پارێزگای کەرەک لە ئوردن."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن کردووەتەوە و نووسیویەتی: "هەرێمی کوردستان بە بەهێزییەوە لەگەڵ ئوردنی برایە بە سەرکردایەتیی برای بەڕێزم، جەلالەتی شا عەبدوڵڵا بن حوسێن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، مەسرور بارزانی دەڵێت: "دڵسۆزانەترین سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین."
ئەمڕۆ هەینی، لە ئەنجامی تەقەکردنی سێ چەکدار لەنێو کەنیسەیەک لە پارێزگای کەرەکی باشووری ئوردن، حەوت کەس کوژران و 34 کەسی دیکەش بریندار بوون.



