رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی رووسیا لە تاران هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە چۆڵکردن و کشانەوەی دیپلۆمات و پسپۆڕە ئەتۆمییەکانی لە ئێران و بەتایبەت لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر دەکەن.
رۆژی شەممە 24-10-2026، باڵیۆزخانەی رووسیا لە تاران لە راگەیێندراوێکدا، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغداش بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە چاودێریی راپۆرتی ژمارەیەک "کەناڵی نەیار"یان کردووە کە گوایە پرۆسەی چۆڵکردنی کارمەندانی باڵیۆزخانە و پسپۆڕانی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر دەستیپێکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "جەخت دەکەینەوە، هیچ پلانێک بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانە یان کشانەوەی پسپۆڕان لە وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشێهر لە ئارادا نییە و کارکردن وەک هەمیشە بەردەوامە".
باڵیۆزخانەی رووسیا لە تاران ئەو هەواڵانەی بە "زانیاریی چەواشەکارانە لە سەرچاوەی ناسراوەوە" ناوزەدکرد و هۆشداریشی دا، هاووڵاتییان بەشداری لەو کەناڵە هەواڵییانەدا نەکەن کە زانیاریی نادروست بڵاودەکەنەوە.
وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر، کە دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداو لە باشووری ئێران، یەکەمین وێستگەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایە لە ئێران و بە هاوکاریی راستەوخۆی کۆمپانیای دەوڵەتیی رووسیا (رۆساتۆم) تەواوکراوە و خراوەتە کار. رووسیا لە چوارچێوەی رێککەوتننامە فەرمییەکاندا سووتەمەنیی ئەتۆمی بۆ ئەم وێستگەیە دابین دەکات و بەردەوام دەیان ئەندازیار و پسپۆڕی تەکنیکیی رووسی لە ناو وێستگەکەدا لە کاردان بۆ سەرپەرشتیکردن، پەرەپێدان و کارپێکردنی وێستگەکە.



