رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 3,800 تمەن یان بە رێژەی 1.39% دابەزی و یەک دۆلار بە 268,900 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی دۆلاری ئەمریکی 273,400 تمەن و نزمترین نرخیش کە مامەڵەی پێوەکرابێت 268,900 تمەن بووە. بەهای ئێستای دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو 2.20% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە. لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا نزیکەی 61.11% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
پێشهاتە سیاسییەکان هۆکارن بۆ بەرزمانەوەی نرخی دۆلار
لە پێشهاتە سیاسییەکانی کۆتایی هەفتەدا، نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا بە بەهێزی ماونەتەوە. ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، ئەمریکا دوای وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری لەبارەی زیادبوونی هەڕەشەکان بۆ سەر کارمەندانی، ژمارەی دیپلۆماتکار و کارمەندەکانی لە باڵیۆزخانەکانی لە ئوردن، لوبنان، قەتەر و ئیمارات کەم دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران چەقیان بەستووە و دۆناڵد ترەمپیش باسی لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی زیاتر دژ بە ئێران کردووە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن.
هەروەها، رۆژی هەینی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، لە ئەگەری هێرشکردنەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل، تاران پلانی ئامادەکردووە بۆ بەئامانجگرتنی کێبڵەکانی ئینتەرنێت لە کەنداو. ئەم راپۆرتەش نادڵنیایی سیاسی و ئەمنیی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
لە بەرامبەردا، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بە تەواوەتی نەوەستاون. رۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریدا لەوەی هێرشکردنە سەر ئێران شەڕ لە ناوچەکەدا فراوانتر دەکات و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیپلۆماسی کردەوە. ئەم هەڵوێستە هاوشانی ئامادەیی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، دەریدەخات هێشتا دەرگەی چارەسەری سیاسی دانەخراوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی بەدەستنەهاتووە.
ئەم پێشهاتانە بازاڕی دراویان لەبەردەم دوو ئاراستەی دژبەیەکدا راگرتووە، هەڕەشە ئەمنییەکان خواستی خۆپارێزی بۆ کڕینی دۆلار بەهێز دەکەن، بەڵام هەر پێشکەوتنێکی راستەقینە لە دیپلۆماسیدا یاخود زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار دەتوانێت رێگری لە هەڵکشانی نرخەکان بکات.
پێشبینیی نرخی دۆلار
پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە لە ئەگەری بەردەوامیی خستنەڕووی دۆلار و نەبوونی هەواڵی سیاسیی نوێ، ئەگەری مانەوەی نرخ لە ئاستەکانی ئێستا یاخود دابەزینێکی سنووردار لە ئارادایە. ئەوان دەڵێن ئەگەر بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی کارا دۆلار بخاتە بازاڕەوە و هاوکات ئاماژەکانی کەمبوونەوەی گرژییەکان یاخود پێشکەوتنی دانوستاندنەکان دەربکەون، دەکرێت نرخی دۆلار بۆ ئاستەکانی 265 بۆ 267 هەزار تمەن پاشەکشە بکات.
لە بەرامبەردا، ئەگەر هەواڵی نوێ سەبارەت بە تووندبوونەوەی پێکدادانەکان، سنووردارکردنی بازرگانی یاخود چەقبەستنی تەواوەتی دانوستاندنەکان بڵاوببێتەوە، خواستی خۆپارێزی جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە. لەو دۆخەشدا، رەنگە نرخی دۆلار سەرەتا مەودای 272 بۆ 273 هەزار تمەن تاقی بکاتەوە، و لە ئەگەری بەردەوامیی خواستیشدا بەرەو 275 هەزار تمەن هەڵبکشێت.



