رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عومان هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەگەری بەردەوامبوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران و رایدەگەیەنێت، پێویستە دەسەڵاتە دەرەکییەکان و سەرکردایەتیی ئیسرائیل "دەست لە ئێران هەڵبگرن" و لە بری ئەوە سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بێت.
سەید بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانی رایگەیاند، هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامبوونی هەڕەشە و لێدانی سەربازی لە دژی تاران نەماوەتەوە و کاتی ئەوە هاتووە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بخرێنەگەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە.
ئەلبوسەعیدی لە پەیامێکدا بۆ بەرپرسانی تەلئەڤیڤ گوتی" :هەر کەسێک وەک سەرکردەی داهاتووی ئیسرائیل دیاری بکرێت، دەبێت دەست لە ئێران هەڵبگرێت و سەرنجی خۆی بخاتە سەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ کێشەی فەلەستین."
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیش کە بووەتە چەقی ململانێ سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرسە لە رووی مەیدانییەوە تێپەڕێنراوە و گوتی: "نازانم چاوەڕوانییان چییە لە ئێران. بەپێی ئەوەی لە ئەمریکییەکانەوە بیستوومە، بە بۆچوونی من پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکلا بووەتەوە، چونکە دامەزراوەکان بۆردوومان کراون و هەموو شتێک لەناوبراوە."
هاوکات گوتیشی، "پێموانییە، هیچ چارەسەرێک لە رێگەى سەربازییەوە هەبێ، بەڕاستی هیواخوازم بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانەی هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە."
وەزیری دەرەوەی عومان گوتیشی، تەنیا رێگەی گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بریتییە لە دیپلۆماسی و داوای کرد واشنتن و تاران بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. هاوکات دووپاتیکردەوە کە دەبێت هێزە دەرەکییەکان (ئەمریکا و ئیسرائیل) دەستبەرداری گەمارۆدان و دەستێوەردان لە کاروباری ئێران ببن.
عومان لە چەندین ساڵی رابردوودا رۆڵی نێوەندگیری سەرەکی و بێدەنگی لە نێوان تاران و واشنتندا گێڕاوە. ئەم هۆشدارییە نوێیەی مەسقەت لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان لە کەنداو و پەککەوتنی تەنگەى هورمز گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە و ئەگەرى دەستپێکردنەوەى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دواى هەڵبژاردنەکانى نیوەى خولى ئەمریکا لە 3ى تشرینى دووەم هەیە.


