رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسی لە یەمەن رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی دەمام لە رۆژهەڵاتی سعودیە، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرشی چەند هەفتەی رابردوویان دێت بۆ سەر ئەو وڵاتە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا بە دوو قۆناخ و بە دوو درۆن توانیویانە فڕۆکەخانەی دەمام بکەنە ئامانج و گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکەی پێکاوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە."
سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، جیا لە فڕۆکەخانەکە، رادارێکی هۆشداریی پێشوەختە و فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی سعودیەشیان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
هاوکات هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان دوو درۆنیان لە ئاسمانی ناوچەی ریازی پایتەخت تێکشکاندووە. تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بهێنێت، رایگەیاند: "دوو درۆن لە ناوچەی ریاز رێگرییان لێکرا و تێکشکێندران."
حووسییەکان لە یەمەن لە دژی هاوپەیمانییەکەی سعودیە دەجەنگن کە پاڵپشتی لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن دەکات، جەنگێکی نێوخۆیی کە دوای چەند ساڵ ئاگربەست، لە مانگی تەممووزەوە دووبارە سەریهەڵدایەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن، زیاتر لە هەزار و 600 کەس کوژراون و سەرووی 300 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.


.png&w=3840&q=75)
